|
|
پشتیوانی لە ویستێکی شۆڕشگێڕانە
27 / 2 / 2010
ئهحمهد شێربهگی لە پەراوێزی بانگەوازی ژمارەیەک لە ئەندام ولایەنگرانی حیزبی دێمۆکرات لە مەر داوا کردن لە کاک مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ کردنەوەی فەزای دانیشتن و کەوتنە دیالۆگ لە گەڵ کاک خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە چەندین لاوە چ لە رێگای تەلەیفوون ، چ بە ئیمایل و چ بە نووسین لە ریگای ماڵپەری ''بۆ رۆژهەلات'' ەوە لە لایەن ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی هەر دووک باڵی حیزبی دێمۆکرات, داوام لێکراوە بە پیر بانگەوازی ئەو کۆمەڵە کادرو پێشمەرگانەوە بچم و پشتگیری له هەنگاوەکەیان بکەم . لە بانگەوازی ئەم کۆمەڵە کادرو پیشمەرگەیەدا، داوا لە بەرێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کراوە لە گەڵ بەرێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بکەوێتە دیالۆگ، هەتا سەهۆلەکانی نێوانیان بتوێتەوە وکۆتایی بە گرژی و نێوان ناخۆشی یەکانی ئەم سێ ساڵەیان بێ و حیزب بگەرێننەوە سەر دۆخی جاران و فەزایەکی ئاشتەوایی لە نێوانی هەر دوو ڵاباڵدا دروست بێ و زەمینەی دیالۆگ وگوفتگۆ ئامادە بکرێ بۆ یەکگرتنەوە. پێشا پێش سپاسی متمانەی ئەو هاوڕێ هەست پاکانە دەکەم کە دەرهەق بە من نواندوویانەو بە شیاوی ئەوەیان زانیوم لەم رێگایەدا پێشقەدەم بم وپشتگریی داواکەیان بکەم. هاورێ لە گەڵ خۆشحالی ،هیواداری دەردەبڕم لەم ئەرکە گرینگەی پێی هەستاون سەرکەتوو بن . بێگومان ئەم هەنگاوە شوڕشگێرانەیە کەلە هەست بە بەرپرسایتی بەرامبەر بە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ویستو داخوازی ئەم گەلە سەرچاوەی گرتوە،لە جێی خۆیەتی و بە کردەوەیەکی شۆڕشگێرانە لە قەڵەم دەدرێ . هەربۆیە لەرێگای دوورەوە دەستی شۆڕشگێڕانەیان دەکوشم و سەرکەوتنیان بە ئاوات دەخوازم. هومێد دەخوازم لایەنی خیتابکراوی بانگەوازەکە وەڵامێکی ئەرێنی بەو داخوازە بەرهەقەی ئەو کۆمەلە هاورێیانە بدەنەوە کە بێگومان ئەمە داخوازی سەرجەم خەڵکی کوردستان و هەروەها ژمارەیەکی هەرە زۆری ئەندام و لایەنگرانی هەر دوو باڵەکەی حیزبەکەی خۆیانە.بە وەڵامێکی ئەرێنی بەم داوا رەوایە تەمی زستانی ساردو پڕ لە بەستەڵەکیان برەوێننەوەو مزگێنی بەهار و نەورۆزێکی بە دوور لە جیایی و لێکدابڕان بدەن بە خەڵکی تامەزرۆی ئازادی گەلی کورد. پێمخۆشە لە پەراوێزی داوای ئەم تێکۆشەرانەو خیتابی بانگەوازەکە تیشک بخەمە سەر کۆمەڵێک پرسیار کە لەم بەستێنەدا دێنە پێش.هەنگاوی ئەم بەرێزانە لە هەلومەرجێکدا دێتە گۆڕێ کە کورد لە هەموو کات زیاتر نیازی بە یەکگرتن و لێک نیزیک بوونەوە هەیە. پێویستی بە وەی هەیە ناو ماڵی خۆی یەکبخاو خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکا. شەقامی کوردی بە یەک خواست وبە یەک گووتار پێ بنێتە سەر سەحنەی سیاسی ئێران. بەداخەوە ئەمرۆ دەبینین لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان، ئێران و ناوچە دا چ بۆشایییەک کەوتۆتە نێو بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و نەخۆشی لێکدابران وەکوو خۆرە کەوتۆتە لەشی هەمووهێزەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و وای کردوە تووشی هەڵەی سیاسی گەورەو قەرەبوو نەکراویان بکا. ئێستا کە ناوچەی رۆژهەڵا تی ناوەراست و مەنتەقە ئاوسانی گەڵێک رووداوی پێشبینیکراوە، هێزەکانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا دەستی هاوکاری وبەهاوڕا بوون بۆ لای یەکتری درێژ ناکەن و بۆ رێکخستنی ناو ماڵی کورد خەمێکیان لە بەر نیە، بەڵکوو هەروا خەریکی نەفی کردن و رەتکردنەوەی یەکترن. ئەوداوایەی کە ئەمرۆ ئەو کۆمەلە تێکۆشەرە هێناویانەتە گۆڕێ، داوایەکی بەهەق و رەوایە. خواستێکە کە لە هەناوی هەموو تێکۆشەریکی کورد دێتەدەرێ. داواو پاڕانەوەنەوەی گەلێکی هەناسە ساردو لێقەوماوە کە سهرهرای ههموو سووکایەتی، بێحورمەتی و ئازارو جەزرەبەیەک لە لایهن دوژمنەکەی، کۆڵ نادا، بۆئەوەی ئێوە یەکبگرن و یەکترتان خۆش بوێ و خیرو خۆشیان بۆ بەدیاری بێنن. بۆچی دەبێ ئەم داوایە لە لایەن ئەم چەند کەسەوە بێتە گۆڕێ؟ بۆچی ئەوانەی ئەمرۆ لە هەرەمی دەسەڵات دان، شارەزای سیاسەت و خاوەن لێکدانەوەن؛ عەرش وقورش دەدەنە بەر دیدی لێکۆڵینەوە، هەستیان بەو بۆشایییە نەکردوە کە ئەمرۆ شەقامی کوردی پێیدا گوزەر دەکا؟ ئەگەر وەڵامەکەیان ''ئا''یە، ئەی بۆچی هەنگاوی بەکردەوەی بۆ هەڵناهێننهوه و ئەم گەلە بێبەشە لەو ترسو خۆف و دوودڵی و دڵەراوکێیه رزگار ناکەن؟ شانازییەکانی رابردووتان گەورەترین شاهیدە لە برایەتی و تەبایی کەسانێک کە بۆ یەکتری دەژیانو بۆ یەکتری دەمردن. مەگەر لەبیرتان چۆتەوە خوێنی گەشی رۆڵە دۆژمن تەزێنەکانی پێشەوای کۆمار چۆن تێکەڵی خوێنی میراتگرانی بە ئەمەگی دوازدە سوارەی زرێباری مەریوان دەبوو؟ پەیامی برایەتیی هەڵۆ تیژ بالەکانی ئاگری چۆن نابیسن کە دەیانگەیاندە لای پڵینگە بە چوستەکانی ''داڵاهۆ''ی سەرکەش؟ چۆن رووحی سووکباڵی پێشمەرگەکانی'' بێستوون، شاهۆ و ئاویەر'' نابێنن کە بە سەر چیاکانی ''چلچەمە، نەکەرۆزو بەیان'' دا لە فڕین دا بوون و موژدەی برایەتیان بۆ شێرانی شەرزەی لێرەوارەکانی ''گیارەنگ'' و بازەکانی ''سپی سەنگ'' دەبرد؟ ئەی رۆڵەکانی مێژووی کەونارای هەوشاری تەختی سولەیمان و کێلەشینی شنۆی وەرزی گێلاس! ئەی شۆڕە سوارانی زمزیران! دەزانن ئەمڕۆ ئەویندارانی داوێنی چیای سەرکەشی ئەرباباو حەماسە خۆڵقینەکانی داستانی دارساوێن ئامێزیان بۆ کردوونەوە و یەکێتییان لە ئێوە دەوێ؟ یەکگرن، سەرکەوتنتان لە یەکبوون دایە. دەزانن شاخێکی بەرزو بڵیند لە زیپکە بەردێک را دەستی پێکردوە. دەریا لە دڵۆپە بارانێکهوه بۆتە خاوەن شەپۆل. خۆشەویستی و شانازییەکانی حیزبی دێمۆکراتیش لە خەڵتانی خوێن و بەرەی رەنجی هەزاران رۆڵەی خۆنەویستی وەک ئێوە پێکهاتووە. ئێوە ''دەریا''ن و کەستان دەرەقەت نایە. ئێوە ''چیا''ن، پتەوترین سەنگەرن بۆ پاراستنی نیشتمان. من وەکوو تاکێکی کورد کە خۆشەویستی دێمۆکراتی لە دڵ دایە، وەکوو کەسێک کە له هەموو شانازییەکانی ئەو میژوویهدا هابەشەیە کە پێکەوە هەمانبوە؛ لە پێشدا داوا لە بەرێز کاک مستەفا هیجری بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێمۆکرات دەکەم لە نفووز و دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەربگری بۆ پێکهێناننی زەمینەی ئاشتەوایی. دەرگای دیالۆگ بکاتەوەو ئەرکی مێژوویی خۆی لەمبارەوە بە جێ بگەیەنێ. لە هەموو تێکۆشەرانی رێزەکانی حیزب دێمۆکرات ، هاوسەنگەرانی دوێنییم داوا دەکەم پشتی ئەم هەڵوێستە ئازایانەی هاوسەنگەرانتان بگرن. چی دیکە چاولێکەری قەزاو قەدەر مەبن. چی دی خۆتان بە چارەنووس مەسپێرن. ئێوە بە هێزن. تواناتان هەیە. بروا بەخۆتان بێنن. تەنیا ئێوە بڕیار دەرن و دەتوانن زۆر هەنگاوی شۆڕشگیرانە باوێژن. دەتوانن زۆر شت لە بەرژەوەندیی گەلی کورد دا بگۆرن. حیزبی دێمۆکرات حیزبی ئەو هەزاران شەهیدەیە کە ئاگاهانە گیانیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کوردستان کرد. خاوەنی هەزاران چیرۆک و داستانی نەبەردی و نەبهزینە. دهسا حیزبی دێموکرات لەو گێژەنەی تێیکەوتوە، رزگار بکەن. کۆتایی بە نامۆیی، ناتەبایی و پەرتەوازەیی بێنن. دڵەکانتان لە رق و قینی نامۆیی بەرامبەر بە یەکتری پاک کەنەوە. ئەمرۆ میللەتێک چاوی لەئیرادەی ئێوەیە. ئێوە پاردەی قەڵاتی رۆژهەڵاتن، ئێوە سێڵاوی پەنگ خواردووی نیشتمانن. ئێوە هەناسەی گەرمی گەلێکن کە خەریکن دەیخنکێنن. پێش بەو خنکانەی بگرن. هەنگاوەکانتان قایم کهن، دەنگ هەڵبرن، خواستەکانتان گەڵاڵە بکهن. ئێوە هەموو زادەی هەناوی یەک حیزبن کە مێژووی شەستو جوارساڵ خهباتی هاوبەشتان هەیە. ریزەکانی خۆتان یەکگرتوو بکەن. ئەوانەی تەگەرە دەخەنە سەر رێی ئەم یەکگرتنە و کۆسپن لە بەر دەم یەکێتی و تەبایی و هاوڕییەتیتاندا، تەریکیان بخەن. ئەوانەی قازانج و بەرژەوەندییان لە نانەوەی تۆوی دووبەرەکیی و جیایی دایە، لە ریزەکانی خۆتان هەڵاوێرن. تهنیا یەکێتی و تەبایی و پێکەوەبوونتانە که پیڵانە گڵاوەکانی دۆژمن پووچەڵ دەکاتەوە. مکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ تێکەڵ بوونەوە. ئێوە شیاوی ئەوەن مێژوو شانازیتان پێوە بکا. براتان ئەحمەد شێربەگی
|
بۆچوونت لهسهر ئهم بابهته چییه؟
ناو:
ئیمهیل:
تکایه به کیبۆڕدی یونیکورد بنووسه
|
|
کۆچکردوو سهید جهلالهدین حسهینی
|
|