حاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌كته‌ری كۆمێدی سیاسه‌ت یان ...
24 / 1 / 2010
عه‌زیز شێخانی
سه‌ره‌تا
له كوردستان و له گۆڕه‌پانی رێكخراوه سیاسییه‌كاندا سه‌رده‌مێكی ئاڵوزه. هه‌ر پارچه‌یه‌ی كوردستان كه باسی ده‌كه‌ی، پڕه له گه‌مه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره، كه به ناوی به‌رگری له كورد و كوردستان به خه‌ڵكی ده‌فرۆشن. بزوتنه‌وه‌ی كورد و حیزبه كوردییه‌كان له‌و هه‌ڵڵاو هه‌نگامه‌یه‌دا له ساته هه‌ر ناخۆشه‌كانی دایه. له كاتێكدا قۆناخی رێكخراوه یه‌كده‌ست و گه‌وره‌كان له به‌شێك له كوردستاندا به سه‌ر چووه، به‌ڵام هێشتا جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سه‌بك و شێوازه نییه. له‌و كه‌ش و دۆخه‌دا رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی جۆراوجۆر دروست بوون، كه به‌شێك له‌وان سیاسه‌ت به شانۆ ده‌شوبهێنن. له‌وه‌دا كه له ریزی هه‌ر رێكخراو و حیزبێكدا كه‌س و تاكی خه‌باتكار هه‌ن هیچ شك و گومانێك نییه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه رابردووی بزوتنه‌وه‌ی كورد له پارچه‌كانی كوردستاندا پڕه له وێنه‌ی زیندوو. ئه‌وه‌ی له‌و نێوه دا زیاتر و زۆرتر ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌خنه، بوونی كه‌سانێكه كه به ناوی سه‌رۆكی دانراوی حیزبێك وه‌ك ئه‌كته‌ری كۆمێدی باس له رووداوه‌كان ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و كه‌س و تاكانه، كه چه‌ند ساڵێك جار و بار له ته‌له‌ویزیۆن و رۆژنامه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆكی دانراوی رێكخراوێكه، كه سه‌ر و بنی دیار نییه. ئه‌و رێكخراوه‌یه له سه‌رده‌می قه‌یرانی پارتی كرێكارانی كوردستان و به یارمه‌تی ئه‌وان بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكهات. پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخراوی له‌و جۆره‌ی بۆ وێنه بۆ باشووری كوردستان به ناوی پارتی چاره‌سه‌ری دێموكڕاتی كوردستان پێكهێنا. ئه‌وه كه خه‌ڵكی ئاسایی و كورده‌كان له دووره‌وه ئه‌و رووداوانه چۆن پێناسه ده‌كه‌ن زۆر جیاوازه. ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت هونه‌ری مومكین بێ، ئه‌وه ناسینی رێكخراو و حیزبه‌كانیش هونه‌ری تایبه‌ته، كه ژێرخان و سه‌رخانی خۆی هه‌یه.
خه‌ڵكی كوردستان داوایه‌كی ره‌وای هه‌یه و له ره‌وتی مێژوودا بۆ ئه‌ستاندنی ئه‌و داوایه به شێوه‌ی جۆراوجۆر خه‌باتی كردووه. ره‌وابوونی خه‌باته‌كه و ویستی گه‌ل دینه‌مۆی به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ره‌وا دژ به داگیركه‌رانی كوردستان بووه. چاوخشاندن به مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌و راستییه ده‌رده‌خا، كه له زۆربه‌ی بزوتنه‌وه‌كاندا خه‌ڵكی ره‌ش و رووت پشت و پشتیوان بوون. به‌ڵام راستییه‌كی دیكه له‌و مێژووه ئه‌و په‌یامه‌ی پێیه، كه سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كان به زۆر هۆكار ده‌سپێشخه‌ری دۆڕان و شكانی بزوتنه‌وه كوردییه‌كان بوون. ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی كه وه‌ك قازی محه‌ممه‌د چوونه به‌رداری ئێعدام زۆر كه‌من. بێجگه له لاوازی ناسیۆنالیزمی كوردیی، هه‌وێن نه‌بوونی ناسنامه‌ی سیاسیی و گه‌شه نه‌كردنی بواره جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردیی، بێباوه‌ڕی رێبه‌ر و سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌كان به سه‌ركه‌وتن له هۆكاره گرینگه نێوخۆییه‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتنی خه‌باتی كوردانن. مێژووی كورد ئه‌گه‌ر پڕه له گیانبازی و فیداكاری رۆڵه خۆنه‌ویسته‌كان، به‌ڵام به داخه‌وه زۆر سه‌رۆك و سه‌ركرده هه‌بوون و هه‌ن كه له كاته دژوار و سه‌خته‌كاندا رۆڵ و نه‌خش تێكده‌رانه و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان گێڕاوه. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان و تاكی كورد به چاوێكی كراوه و به دوور له ده‌مارگرژی مێژوو و رابردووی خۆی بخوێنێته‌وه باشتر و چاكتر ده‌توانێ له پڕۆسه‌ی ژیاندا خۆی و دوژمنه‌كانی بناسێ. هه‌ر ئه‌وه كه كورد ئه‌مڕۆش ناتوانێ پێناسیه‌كی دروست له خۆی بكا و زۆرجار له جیاتی كوردستانی بوون خۆی به ئێرانی، توركی، عێڕاقی و سووری ده‌زانێ، ئاماژه‌یه‌كی گه‌لێك گرینگه به خۆنه‌ناسین.
كێشه‌ی خۆنه‌ناسین و وردنه‌بوونه‌وه له به‌رامبه‌ر ده‌وروبه‌رمان زۆر تازه نییه و ره‌گ و ریشه‌ی له رابردوودایه. ئاڵوگۆڕه‌كان بۆ زۆربه‌ی گه‌لانی دیكه وانه و ده‌رسی سه‌ركه‌وتن و خۆناسینی به دیاری هێناوه. ئاڵوگۆڕه‌كان بۆ كورد له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ كوردی نه‌هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه، كه كورد له گه‌ڵ نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی وه‌ك فارس، تورك و عه‌ڕه‌ب برا نییه. له گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا مێژووی رابردوومان وه‌ك پڕوپاگه‌نده و وانه ئایینیه‌كان چاولێكردوون. ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك له رابردوودا نه‌یتوانیوه له ره‌وتی كار و تێكۆشاندا سه‌ركه‌وتوو بێ، له روانگه‌ی عه‌شیره‌ت، خێڵ، مه‌زهه‌به‌كان، حیزب و رێكخراوه سیاسییه‌كانه‌وه تاوتوێمان كردوو‌ن. له نێو گه‌لانی دیكه‌ی دنیادا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت خاوه‌نی مێژووی ئه‌وڕۆییش نییه. كورده‌كان له گێڕانه‌وه‌ی دیارده و رووداوه‌كاندا ناتوانن بێلایه‌نی بپارێزن و زۆر جار له ئاستی راستییه حاشاهه‌ڵنگره‌كانیشدا چاو ده‌نوقێنن. له به‌ستێنی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كاندا حه‌ز و ویسته‌كانمان ده‌كه‌ینه بناخه و ده‌ستپێك. بۆ خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌كان سه‌ره‌تایه‌كی ئاماده‌كراومان هه‌یه، كه پێمان وایه ده‌توانێ شێوه و شكڵ و نێورۆكی رووداوه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان دیاری بكا.
هه‌للاجی كردن و لێكدانه‌وه‌ی چه‌ند دێڕ له وته‌كانی حاجی ئه‌حمه‌دی
بۆ باسكردن له سه‌ر حاجی ئه‌حمه‌دی وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می رێكخراوێك به ناوی پژاك ناكرێ زۆر شت له به‌رچاو نه‌گیرێ. له‌و باسه‌دا ناچمه سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره و به گشتی به هێنانه‌گۆڕی چه‌ند پرسیارێك ده‌رگای دیالۆگ و لێكدانه‌وه‌كان ده‌كه‌مه‌وه. پژاك چ رێكخراوێكه و بۆ دامه‌زرا؟ ئامانجه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌یه به كرده‌وه چین؟ كێ پژاكی دامه‌زراند و كام لایه‌نی سیاسی پژاك به كار دێنێ؟ ئایا پژاك بوونێكی سه‌ربه‌خۆیه یان پاشكۆی رێكخراوێكی دیكه؟ بڕیاردان له نێو پژاكدا چ پڕۆسه‌یه‌ك ده‌بڕێ؟ ئایا رێكخراوێك، كه خاوه‌نی بڕیاری سیاسی نه‌بێ داهاتووی مسۆگه‌ره؟ حاجی ئه‌حمه‌دی له پژاكدا چ رۆڵ و ده‌ورێك ده‌گێڕێ؟ حاجی ئه‌حمه‌دی دانراوه یان هه‌ڵبژێردراوه؟ سیاسه‌ت بۆ حاجی ئه‌حمه‌دی و هاوبیره‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه یان راستوێژی؟ داهاتووی ئه‌و رێكخراوه‌یه چییه؟ هێزه‌كانی پژاك و پارتی كرێكارانی كوردستان چه‌نده لێكجیاوازن؟ ئایا پژاك ته‌نیا شكڵ و قه‌واره‌یه‌كه، كه له نێو پارتی كرێكارانی كوردستاندا یاری پێ ده‌كرێ؟ ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پژاك له لایه‌ن چ رێكخراوێك هه‌ڵده‌سووڕێ؟ له ته‌له‌ویزیۆنی پژاك چه‌نده و چۆن باسی دیارده‌كان ده‌كرێ؟
خوێنه‌ری به‌ڕێز
حاجی ئه‌حمه‌دی له وتوێژ له گه‌ڵ په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی رێنێسانس‌دا وڵامی چه‌ند پرسیار ده‌داته‌وه. له‌و نووسینه‌دا له سه‌ر وڵامی پرسیاری یه‌كه‌م هه‌ڵوێسته ده‌كه‌ین، به‌ڵام سه‌ره‌تا بزانین پرسیار و وڵام چین.
رێنسانس نیوز؛ کاناڵێک هه‌یه به ناوی نه‌ورۆز تی ڤی که زمانحاڵی سیاسه‌تی ئێوه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌شێک له رووداوه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له کوردستانی ئێران باس ده‌کا، من پێمخۆشه بزانم ئه‌گه‌ر ئێوه زۆر برواتان به ره‌خنه‌گرتن هه‌یه که لێره جه‌نابت ئه‌فه‌رمووی که ره‌خنه‌مان لێ بگرن، چه‌نده هه‌وڵتان داوه و چه‌نده توانیوتانه کولتووری دێموکراسی له که‌ناڵی نه‌ورۆزتێ ڤێ وه گه‌شه پێ بده‌ن و رێگایه‌ک بکه‌نه‌وه که کۆمه‌ڵێک رۆشنبیر، نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس یان که‌سی سه‌ربه‌خۆ بێن و له پانێلێکی سیاسی‌دا ئه‌و پرس و باسانه‌ی که رۆژه‌ڤن بۆ کورد و پێوه‌ندییان به کورده‌وه هه‌یه باسی بکه‌ن؟
حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌وه‌ڵن نازانم له کوێت بیستووه که نه‌ورۆز تێ ڤێ کاناڵی ئێمه‌یه، من خۆم ئه‌وه‌ی نازانم! کاناڵی نه‌ورۆز تێ ڤێ که‌ناڵی پژاک نییه، به‌ڵکوو ته‌له‌فزیونێکه وه‌ک هه‌موو ته‌له‌فزیونه‌کانی دیکه که به سپاسه‌وه زۆر ئیمکان ده‌ده‌ن به ئێمه که بچین له‌وێ قسه‌کانمان بکه‌ین. و به دڵیش پێمخۆشه و لێره‌ش به حزووری ئێوه‌ش داوا ده‌که‌م و له‌وێش که له‌گه‌ڵیان دانیشتوومه هه‌ر پێم وتوونه که پێمخۆشه بێ سنوور که داوا بکه‌ن له حیزبه‌کان و حه‌تا پێشنیارم کردووه که هه‌رجاره‌ی سێ چوار حیزب بێن و ده‌عوه‌تیان بکه‌ن با هه‌ڵوێستی خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه. با سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ گه‌لی کورد روون بکه‌نه‌وه. حه‌تا بۆ تاکی کوردیش، بۆ رۆژنامه‌وانی کوردیش که بێن و ئێمه هیچ به‌ربه‌ستمان نییه و شتێکی زۆر باشه.... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی که بیستوومه نه‌ورۆز تێ ڤێ له‌وانی دیکه ده‌رکه‌ی زیاتر کردووه‌ته‌وه وهیوادارم زیاتریش بیکاته‌وه و به ته‌واوه‌تی ببێته ته‌له‌فزیونێکی کوردستانی.
له هه‌للاجیكردن و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیار و وڵامه‌دا له گه‌ڵ دوو تاكی كورد رووبه‌ڕووین. تاكێك كه پرسیار ده‌كا و تاكێكی دیكه، كه به ناوی سه‌رۆكی رێكخراوێك وڵام ده‌داته‌وه. ئه‌و دوو تاكانه‌ش له دیاسپۆڕادا ده‌ژین و له كوردستان دوورن. له‌و چه‌ند دێڕه‌دا پرسیاركه‌ر و پرسیارلێكراو له سه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌ك به ناوی ره‌خنه گرتن و ره‌خساندنی ئه‌گه‌ر و ئیمكانی ره‌خنه‌گرتن دیالۆگ ده‌كه‌ن. كه‌سی پرسیاركه‌ر گومانی هه‌یه، له‌وه‌ی كه‌سێك وه‌ك حاجی ئه‌حمه‌دی به پانه‌وه ده‌ڵێ وه‌رن ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن. تاكی كورد بۆ ئه‌وه‌ی حاجی ئه‌حمه‌دی بخاته به‌رده‌م پرسیاری گرینگ، بۆی باسی نه‌ورۆز تی ڤی ده‌كا. كه‌سی پرسیار لێكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به حاجی بڵێ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن راست نییه، لێیده‌پرسێ بۆ به كولتوركردنی ره‌خنه‌گرتن له نه‌ورۆز تیڤی چیتان كردووه و چ هه‌وڵێكتان داوه. له كڕۆكی پرسیاره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، كه كردار و وته‌ی رێكخراوه‌كان و به‌تایبه‌ت رێكخراوی پژاكی سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان زۆر لێك دوورن. له ده‌روازه‌ی ئانالیزه كردنی وڵامی سه‌رۆكی دانراوی پژاك دا بۆ تێگه‌یشن له نێوه‌رۆكی باسه‌كه خه‌راپ نییه باسێكی زۆر كورت له ئه‌و پارته بكه‌ین، كه پژاكی دامه‌زراندووه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له پارتی كرێكارانی كوردستان و مێژووی ئه‌و رێكخراوه‌یه ورد ده‌بێته‌وه زۆر به ساكاری تێده‌گا، كه ره‌خنه‌گرتن و به خۆداچوونه‌وه له كولتوری پارتی عه‌بدوڵڵا ئوجالاندا بوونی نییه. ره‌خنه‌گرتن و تێڕوانینی جیاواز له نێو ریزه‌كانی ئه‌و پارته‌دا جێگا و رێگایه‌كی نییه. ئه‌گه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان له شاره‌كان بایه و رۆژانه خه‌ڵك هه‌ڵسوكه‌وتی رێكخستن و شێوازی كاركردنی ئه‌و پارته‌یان دیبایه، بێگومان لێكدانه‌وه‌كان و تێگه‌یشتنه‌كان جیاواز ده‌بوون. له كام بڵاوكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستاندا ره‌خنه‌یه‌ك له عه‌بدوڵڵا ئوجا‌لان گیراوه؟ له كام به‌رنامه‌ی مێدیا تیڤی كۆن و رۆژ تیڤی پارتی كرێكارانی كوردستاندا سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئوجا‌لان، پارتی كرێكاران، رابردوو و ئه‌مرۆیان درایه به‌ر ره‌خنه؟ له كام سه‌كۆی راگه‌یاندنه‌وه ره‌خنه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له پارتی كرێكاران گیرا، كه دواتر له ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌و پارته‌دا بڵاوبۆوه. له نێو ریزی ئه‌و پارته چه‌نده رێز له ره‌خنه‌گه‌ره‌كان گیراوه و چۆن مامه‌ڵه له گه‌ڵ ره‌خنه‌گه‌ره‌كان كراوه؟ پارتێك به‌و كو‌لتور و قه‌واره‌وه كه زڕه پارتێك بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داده‌مه‌زرێنێ، ده‌بێ دۆخی ره‌خنه گرتن و به خۆداچوونه‌وه چۆن بێ؟
له وڵامی پرسیاری په‌یامنێری رێنسانس له ئۆسڵۆ، حاجی ئه‌حمه‌دی ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ڵه‌ن نازانم له كوێت بیستووه نه‌ورۆز تی ڤی كاناڵی ئێمه‌یه. من خۆم ئه‌وه نازانم؟ له‌و وڵامه‌دا دوو خاڵی گرینگ دێنه به‌ر چاو. یه‌كه‌م حاجی ئه‌حمه‌دی سوور ده‌زانێ درۆ ده‌كا، به‌ڵام به ناوی دیپلۆماسیه‌وه خۆی له مه‌سه‌له‌كه ده‌دزێته‌وه. دووهه‌م كه‌سی پرسیاركه‌ر كوردێكه و ئه‌و ده‌زانێ، كه تۆ وه‌ك سه‌رۆك دانراوی و نه‌ورۆز تیڤی له لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه بۆ پژاك دانراوه. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داری كورد سادق و راست بێ، بۆ درۆ له گه‌ڵ بینه‌ر و خوێنه‌ری كورد ده‌كا! ئه‌گه‌ر به راستی حاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌كته‌ری كۆمێدی سیاسه‌ت نییه، بۆ به‌مجۆره درۆ له گه‌ل نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كا؟! ناوبراو ده‌یتوانێ بڵێ، ئه‌و پرسیاره زۆر دوپات بۆته‌وه و له هه‌لومه‌رجی ئه‌وڕۆدا به هۆكاری تایبه‌ت له وڵامدانه‌وه‌ی خۆ ده‌بوێرم. كاتێك تاكی كورد ده‌زانێ سه‌رۆكی دانراوی پارتێك به ئاشكرا درۆی له گه‌ڵ ده‌كا، ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌و رێكخراوه به گشتی بڕوا و متمانه چه‌نده داببه‌زێ؟ خۆ زۆر كه‌س ده‌زانن، كه نه‌ورۆز تیڤی و هه‌موو ته‌له‌ویزیۆنه‌كانی دیكه‌ی حیزب و رێكخراوه كوردییه‌كان له ئورووپا به ناوی تایبه‌ته رێجیستێر (تۆمار) ده‌كرێن. زۆربه‌مان ده‌زانین، كه رێكخراوه‌كان به ناوی تایبه‌ت به خۆیان ناتوانن و نا‌وێرن كاناڵه‌كانیان تۆمار بكه‌ن. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیهه‌وێ له سه‌ر بناخه‌ی دۆخی ئه‌مڕۆی رێكخراوه‌كان له ئورووپا وڵامی خوێنه‌ر یان ماڵپه‌ڕ و رادیۆیه‌ك بداته‌وه، ناكرێ خۆ له هه‌موو پرسه‌كه گێل بكا. حاجی ئه‌حمه‌دی باش ده‌زانێ كه له ساڵی ٢٠٠٦ وه باس له دانانی ته‌له‌ویزیۆنی پژاك كراوه و ناوه‌كانی وه‌ك چوارچرا، قه‌ندیل، رووناهی و نه‌ورۆز وه‌ك ناوی ته‌له‌ویزیۆن قسه و باسیان له سه‌ر كراوه. ئه‌و ناوه‌ش كه ئه‌مڕۆ بۆ ته‌له‌ویزیۆنی پژاك ده‌كاری دێنن، له لایه‌ن پارتی كرێكارانه‌وه له كۆتاییدا بڕیاری له سه‌ر درا.
ئه‌وه‌ی بۆ نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه گرینگه هاوكاری نێوان پژاك و پارتی كرێكاران نییه، به‌ڵكو درۆنه‌كردن له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كه‌مانه. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دره‌نگ یان زوو ئه‌و سنوورانه ده‌شكێنێ، كه هێندێك كه‌س بۆ پارتی كرێكارانیان كردۆته پرده‌باز و ئامێری كه‌ڵك لێوه‌رگرتن. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و رابردووی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان ئه‌و توانا و هێزه‌ی تێدایه، كه له پێناوی سیاسه‌تی ناڕوون و هه‌ڵبه‌زدابه‌زی عه‌بدوڵڵا ئوجالاندا خۆی نه‌دۆڕێنێ. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك رۆژئاوای كوردستان نییه، كه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو خوێن و گیانێكی زۆریان فیدا كرد، به‌ڵام مامه‌ڵه به چاره‌نووسیان كرا. سیاسه‌تی درۆ له گه‌ڵ نه‌ته‌وه كردن و نا شه‌ففافبوون له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا نییه. نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه باوه‌ڕی به سه‌ركه‌وتن بێ و رێكخراوێك، كه بۆ نه‌ته‌وه و رزگاری نه‌ته‌وه‌یه‌ك خه‌بات بكا، له‌و شانۆسازی و فیلم یاریكردنه خۆی ده‌بوێرێ.
حاجی ئه‌حمه‌دی له درێژه‌ی وڵامی په‌یامنێری رێنسانسدا ده‌ڵێ: کاناڵی نه‌ورۆز تێڤێ که‌ناڵی پژاک نییه، به‌ڵکوو ته‌له‌فزیونێکه وه‌ک هه‌موو ته‌له‌فزیونه‌کانی دیکه که به سپاسه‌وه زۆر ئیمکان ده‌ده‌ن به ئێمه که بچین له‌وێ قسه‌کانمان بکه‌ین. وڵامی حاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌وه‌نده بێ بنه‌مان، كه خوێنه‌ر له یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌دا ده‌زانێ بازنه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه كێ دایناوه. ناوبراو له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ره‌تی ده‌كاته‌وه، كه نه‌ورۆز تی ڤی كاناڵی پژاك-په‌كه‌كه بێ، ده‌ڵێ ئه‌و ته‌له‌ویزیۆنه وه‌ك هه‌موو كاناڵه‌كانی دیكه‌یه. ئه‌و كوردانه‌ی رۆژانه چاوه‌دێری بارودۆخی راگه‌یاندنی كورده‌كان ده‌كه‌ن، ده‌زانن كه ته‌له‌ویزیۆنی سه‌ربه‌خۆ نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه له لایه‌ن حیزب و لایه‌نه‌كانه‌وه دامه‌زراون. به‌و پێیه ئه‌گه‌ر كه‌سی پرسیارلێكه‌ر كه‌سێكی بێگانه، تورك، فارس، عه‌ڕه‌ب و هتد بایه هه‌ر جۆره وڵامێكی سه‌رۆكی دانراوی پژاك ره‌خنه‌ی له سه‌ر نه‌ده‌بوو. له درێژه‌ی ئه‌و وڵامه‌دا حاجی ده‌ڵێ ئه‌و ته‌له‌ویزیۆنه زۆر ئیمكان ده‌ده‌ن به ئێمه و سپاسیان ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بێگانه چاو له نه‌ورۆز تیفی بكا، ده‌زانێ كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیتان پڕوپاگه‌نده بۆ عه‌بدوڵڵا ئوجا‌لان و پارته‌كه‌یه‌تی. سه‌ره‌تاو كۆتایی په‌یامه‌كانی ئێوه بۆ بێنه‌ر و خوێنه‌ری كورد دیار و ئاشكرایه. لێره‌دا ئه‌و سرنجه دێته پێش، كه سه‌رۆكی دانراو راست ده‌كا، ته‌له‌ویزیۆن به گوێره‌ی ئیمكان كات و به‌رنامه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كا. كێشه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كه حیزبێك كه دایمه‌زرێنن و سه‌رۆكێك كه دایبنێن، بێگومان له هه‌موو عورف و سوننه‌تێكدا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه. به واتایه‌كی دیكه كه‌سانی دیكه بڕیار ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ی حاجی ئه‌حمه‌دی جار و بار دێننه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ویزیۆن درێژه‌دان به شانۆی داڕێژراوه. ئه‌و شانۆیه دره‌نگ یان زوو كۆتایی دێ و هیچ شانویه‌ك نییه كه هه‌تا سه‌ر به‌رده‌وام بێ. بۆیه داهاتوو باشتر ده‌توانێ رووكار و دیمه‌نی راستیه‌كان ده‌ربخا.
ناوبراو له وڵامی پرسیاری په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی رێنسانس له ئۆسڵۆ راده‌گه‌یه‌نێ، كه "به دڵیش پێمخۆشه و لێره‌ش به حزووری ئێوه‌ش داوا ده‌که‌م و له‌وێش که له‌گه‌ڵیان دانیشتوومه هه‌ر پێم وتوونه که پێمخۆشه بێ سنوور که داوا بکه‌ن له حیزبه‌کان و حه‌تا پێشنیارم کردووه که هه‌رجاره‌ی سێ چوار حیزب بێن و ده‌عوه‌تیان بکه‌ن با هه‌ڵوێستی خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه. با سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ گه‌لی کورد روون بکه‌نه‌وه. حه‌تا بۆ تاکی کوردیش، بۆ رۆژنامه‌وانی کوردیش که بێن و ئێمه هیچ به‌ربه‌ستمان نییه و شتێکی زۆر باشه.... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی که بیستوومه نه‌ورۆز تێ ڤێ له‌وانی دیکه ده‌رکه‌ی زیاتر کردووه‌ته‌وه وهیوادارم زیاتریش بیکاته‌وه و به ته‌واوه‌تی ببێته ته‌له‌فزیونێکی کوردستانی.
له‌و وڵامه‌شدا حاجی ئه‌حمه‌دی له ده‌للاقه‌یه‌كی سه‌راوبنه‌وه ده‌ڕوانێته رووداوه‌كان. به گوێره‌ی ئه‌و وتانه، ناوبراو به نه‌ورۆز تیڤی راگه‌یاندووه، كه حیزب و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ش بانگ بكه‌ن و با هه‌ڵوێستی خۆیان له‌و كاناڵه‌وه روونبكه‌نه‌وه. ناوبراو ره‌نگه ئاگای له ته‌له‌ویزیۆنه‌كانی دیكه‌ی حیزب و رێكخراوه‌كان نه‌بێ و له فه‌رهه‌نگی خۆی و هاوبیره‌كانیدا ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆك، یه‌ك كاناڵ و یه‌ك دروشم هه‌یه!!! ئه‌و حیزبانه ره‌نگه زۆربه‌یان پێویستیان به ته‌له‌ویزیۆنی نه‌ورۆز نه‌بێ و ئه‌گه‌ر به‌شداریش بن، وه‌ك خۆت و هاوڕێكانت له‌یبه‌یك بۆ ئوجا‌لان ناڵێن. له مه‌ڕ تاك و رۆژنامه‌نووسی كورد نه‌ك تۆ زۆربه‌ی ته‌له‌ویزیۆنه‌كانی دیكه راست ناكه‌ن و له ده‌هۆڵی دڕا‌و ده‌ده‌ن. كام ته‌له‌ویزیۆن هه‌یه، كه ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێ له پانتایی كوردایه‌تیی و ته‌نانه‌ت له سه‌ر بنه‌مای رۆژنامه‌وانییه‌وه له گه‌ڵ كارناسه‌كان بدوێ؟! بینه‌ره‌كان به چاوی خۆیان ده‌بینن، كه شاشه‌ی ته‌له‌ویزیۆنه كوردییه‌كان به ده‌گمه‌ن كارناس و پسپۆڕێكی كاریگه‌ر و كارامه‌ی تێدایه. مه‌گه‌ر مه‌رجی ئێوش ئه‌وه نییه، كه كاكی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ده‌بێ ده‌روێش و موخلیسی عه‌بدوڵڵا ئوجا‌لان بێ؟ مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له ته‌له‌ویزیۆنی ئێوه و هه‌موو ته‌له‌ویزیۆنه حیزبییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، كامانه رێگایان پێدراوه له سه‌ر به‌ستێنی خوێندنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌نانه‌شدا ره‌خنه له كردار و ره‌فتاری ئێوه و رێبازتان بگرن؟ ئه‌وه‌ی له مه‌جلیسی ئێوه دووره و هه‌رگیز سه‌ری له رێكخراوه كوردییه‌كان ده‌رنه‌هێناوه ره‌نگه باوه‌ڕتان پێبكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له وردكارییه‌كانی سیاسه‌تی حیزب و رێكخراوه كوردییه‌كاندا شاره‌زان، بێگومان باوه‌ڕتان پێناكه‌ن و ده‌زانن، كه ئه‌و ماسته بێ موو نییه. رۆژێك دێ، كه حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆكی پژاك نامێنێ و سه‌رئه‌نجام رۆژێك دێ، كه پژاك چۆن دامه‌زرا به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه. خاڵی گرینگ له ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌یه، كه رووداوه‌كان، بڕیاره‌كان، دیارده‌كان له ناخی مێژوودا تۆمار ده‌كرێن. مێژووی داهاتوو مێژووی چه‌واشه نابێ و ئه‌و رۆژگاره به سه‌ر چوو، كه سه‌رۆكه‌كان كوێله‌كه بكه‌نه قه‌فه‌سه‌وه و به كه‌و به خه‌ڵكی بناسێنن.
سه‌رچاوه:
http://renesans.info/index/index.php?id=777
|