كوردی ئیران تا ئێستا نه‌یتوانیوه خۆی روون بكاته‌وه بزانێ چی ده‌وێ و چۆن ده‌بێ بیهه‌وێ؟
5 / 2 / 2010
گفتوگۆی ئارام عه‌لی سه‌عید, رێناس جاف
دكتۆر عه‌بدوڵلا ئه‌بریشه‌می، دانیشتوی شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، زاوای قازی موحه‌ممه‌دی سه‌رۆك كۆماری كوردستانه، ناوبراو له بیره‌وه‌ریی دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین ئه‌زموونی كۆماری كوردیدا و دووه‌مین ئه‌زموونی حوكمڕانی كورددا له سه‌ده‌ی بیسته‌م له 22ی كانوونی دووه‌می 1946 بیره‌وه‌ریی و لێكدانه‌وه و قۆناغی دروستبوونی كۆمار و ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌وكاته‌ی كور‌دستان، وه‌كو بیره‌وه‌ریی له جیهانبینی خۆیه‌وه تایبه‌ت به رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) ده‌گێڕێته‌وه.
+ تۆ خزمی نێزیكی «قازی موحه‌ممه‌د»یت، چ بیره‌وه‌ریی و یادگارییه‌كت له‌گه‌ڵ ناوبراو یان بنه‌ماڵه‌كه‌یدا هه‌یه؟
ـ ئێمه هاوگه‌ڕه‌ك بووین (گه‌ڕه‌كی چۆمی)، خانووبه‌ره‌ی بنه‌ماڵه‌ی قازی موحه‌ممه‌د، له‌سه‌ر به‌رزایی به‌ره‌و به‌ستێنی چۆمی سابڵا‌غ (مه‌هاباد) و ماڵی باب و باپیری منیش نزیك به (400)میتر له لای رۆژهه‌ڵاتی ماڵه قازی ده‌یڕوانیه سه‌ر به‌ستێنی چۆمی. كاتێك ئه‌من له دایك بووم، شه‌قامێك له كه‌نار به‌ستێنی چۆمی كێشرابوو، ماڵه‌كان كه‌وتبوونه لای باشووری چۆمه‌كه، لای باكووری چۆم ئه‌وده‌م پتر باغ و مێشه بوو. به‌ستێنی چۆمی و شه‌قام به نه‌رده‌ی داتاشراو له دار لێك جیا ده‌بوونه‌وه.
هه‌وه‌ڵ جار كه توانیم له‌گه‌ڵ قازی موحه‌ممه‌د بدوێم، ته‌مه‌نم نزیك به ده ساڵ بوو، ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشا نه‌مابوو، قازی موحه‌ممه‌د وه‌ك سه‌رۆكی شار ده‌ناسراو ئاسایش و هێمنی شار، به هاوبه‌شی خه‌ڵك له ژێر چاوه‌دێری ئه‌ودابوو.
ئه‌و زۆرجار له لای ماڵی خۆیانه‌وه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات بۆ لای مه‌یدانی چوارچرا(كه نزیك ماڵه مه بوو) به ئارامی قه‌ده‌می لێده‌دا. دوای نه‌مانی ره‌زاشا، منداڵی گه‌ره‌كه‌كانی سه‌رتر له نه‌رده‌كان رۆده‌هاتن و ده‌ریان دینان. رۆژێك سێ منداڵی باخۆشتر له‌مه كه چه‌ند منداڵی هاوته‌مه‌نی خزم و جیران بووین، ده نه‌رده‌كانی ده‌وری مه‌یدانی چوارچرا نووسابوون، ئێمه له‌گه‌ڵ وان ده‌مه‌ته‌قه‌مان بوو، به‌وانمان ده‌گوت ئه‌و نه‌ردانه تێك مه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ملیان نه‌ده‌دا، له‌و كاته‌دا قازی موحه‌مه‌د به ئارامی به‌ره‌و چوارچرا ده‌هات، گوتم راوه‌ستن با پرس به جه‌نابی قازی بكه‌ین، كاتێك ئه‌و نزیكی ئێمه بۆوه، چوومه پێش، سڵاوم كرد‌و گوتم: ئێمه ده‌ڵیین ئه‌و نه‌ردانه تێك مه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه گوێ ناده‌نێ، قازی به رووخۆشی و زۆر له سه‌ره‌خۆ، له یه‌كێك له‌و سێ كه‌سه كه ده‌ستی له نه‌رده‌كه به‌رنه‌دابوو پرسی:
+ كوڕی كێی بابت چ ده‌كا؟
ـ بابم نه‌ماوه! دایكم ئاوكێشی ماڵانه
+ بۆ ده‌ته‌وێ ئه‌ونه‌ردانه ده‌ربهێنی؟
ـ ئه‌وه ئاساری عه‌جه‌مانه! ده‌مه‌وێ ئاسه‌واری وان له وڵاته‌كه‌م هه‌ڵكه‌نم!
+ رۆڵه‌گیان! عه‌جه‌م (مه‌به‌ست كاربه‌ده‌ستی شیعه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران)، له‌م وڵاته رایان كردووه، شاره‌كه‌یان بۆ به‌جێهێشتووین، ئه‌منیش ده‌زانم ئه‌وان به ده‌ستی خاڵی ده‌هاتن، دوای ماوه‌یه‌ك، له ده‌ستره‌نجی هه‌موومان به تایبه‌ت كه‌سانی وه‌ك دایكی تۆ، لۆرێك(كامیۆنێك)یان بار ده‌كردو ده‌رۆیشتن، یه‌كی دی ده‌هات، ئه‌ویش ده‌ستی به كۆكردنه‌وه ده‌كرد... ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ له وڵاته‌كه‌مان ده‌یبینین، وه‌ك ئه‌و نه‌ردانه، به‌شی هه‌موومانی پێوه‌یه، به‌تایبه‌ت ئی زه‌حمه‌تكێشی وه‌ك دایكی تۆ، پێویسته به هه‌موومان ئاگامان له‌و ده‌سكه‌وته گشتیانه بێ...
بیره‌وه‌رییه‌كی دیش له‌وی ده‌گێڕمه‌وه كه تابووشتی قازی موحه‌ممه‌د له به‌رامبه‌ر نه‌یارو جیابیران نیشان ده‌دا: وابزانم هاوینی ساڵی 1945بوو، چه‌ند رۆژ بوو جار جار جه‌ماوه‌ریكی چه‌ند كه‌سی كه خه‌ڵك و منداڵیان لێوه كۆ ده‌بوو له به‌ر ماڵه قازی را به‌هه‌راوگرمه به‌ره‌و چوارچرا ده‌هاتن ئه‌وان موخاله‌فه‌تی قازی موحه‌ممه‌دیان ده‌كرد. خه‌ڵكیش ده‌یانگوت ئه‌وانه له لایه‌ك ئه‌ندام یان لایه‌نگری (ژ.ك)ن، له لایه‌كی دی لایه‌نگری تووده‌یانن(ئه‌وكات چ ناسیاوێكی روونم له تووده‌یان ـ وه‌ك شیوعی ـ نه‌بوو)، ئێواره‌یه‌ك له حه‌وشه‌ی شاره‌داری كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان قازی و موخالیفه‌كان سازدرا، قازی موحه‌ممه‌دو یه‌كێك له موخالیفه‌كان له ده‌وری مێزێك رۆنیشتبوون، موخالیف و موافیق له حه‌وشه‌كه كۆ ببوونه‌وه، موخالیفه‌كان زۆر توند ده‌دوان، ته‌نانه‌ت قسه‌ی ناحه‌زیشیان ده‌كرد، یه‌كیان كه زۆریش به زمان بوو، به ده‌مانچه‌وه له ده‌وری مێزه‌كه وێستابوو، به‌ڵام لایه‌نگرانی قازی به ده‌ستوری وی چ به‌رگرییه‌كیان له گرژه‌كان نه‌ده‌كرد، ئه‌من وێڕای هاوته‌مه‌نانی خۆم و خه‌ڵكی دی، له پشت نه‌رده‌كانی ده‌وری حه‌وشی شاره‌داری وێستابووم ( ئه‌و نه‌ردانه‌ش وه‌ك نه‌رده‌كانی به‌ری چۆمی بوون شاره‌داری دیوار به دیواری خانۆكانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه بوو). خه‌ڵكه‌كه زۆر په‌رۆش بوون، ده‌یانگوت ئه‌وانه ده‌یانه‌وێ قازی بكوژن. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌و زۆر له‌سه‌رخۆ ده‌رفه‌تی به جیابیر‌و نه‌یارانی خۆیدا كه قسه‌كانیان بكه‌ن، به‌و چه‌شنه ئه‌وان خۆیان و روانگه‌یان به خه‌ڵك ناساند، شێواز‌ی ره‌فتاری قازی موحه‌ممه‌د، باوه‌ڕی خه‌ڵكی به ئه‌و پته‌وتر كرد. (زۆر دواتر، ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌ن بیرن و له‌و سه‌رده‌م له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بوون، ده‌یانگوت: ئه‌گه‌ر سه‌رۆك عه‌شیره‌یه‌ك له جیاتی قازی موحه‌ممه‌د له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌داباو به‌م چه‌شنه كه‌وتبا به‌ر هێرشی ناحه‌زی موخالیفان، شه‌ڕو پێكدادانێكی خوێناوی هه‌ڵدایساو ئاسه‌وارێك له رووداوه به‌رزه مێژووییه‌كانی دواتر له‌و شاره به‌دی نه‌ده‌كرا).
به‌ڵام بیره‌وه‌ری و یادگاریی قازی موحه‌ممه‌د بۆ من، ره‌فتارو قسه‌كانێتی، به‌تایبه‌ت ئه‌و قسانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كانی خوێندكاران له ده‌وری مه‌یدانی چوارچرا ده‌م بیست، ئه‌و ده‌یگوت: بڕۆن بخوێنن! ئه‌وه‌ی به‌خوێندن و زانین (ره‌وتی مه‌ده‌نی) بۆ كورد ده‌كرێ، به شه‌ڕ ناكرێ، ده‌ردی كورد له «نه‌زانین» دایه...
+ دامه‌زراندنی كۆماری كور‌دستان دووه‌مین ئه‌زموونی شێواز‌ی حكومه‌تداری كوردی بوو له دوای حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حموود له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، تا چه‌ند دروست بوونی ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه به وه‌رچه‌رخانی مێژوویی ده‌بینی له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كورددا؟
ـ ئه‌من نامه‌وێ باس له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و دوو رووداوه بكه‌م، به‌ڵام ئه‌زموونی كۆماری كور‌دستان، بۆ یه‌كه‌م جار، تێپه‌ڕبوون له چه‌مكی رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رابردووی كورد‌و دابه‌زاندنی چه‌مكی نوێی خه‌بات بوو.
دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشا، ناوچه كوردێكان له سه‌روی كرماشان تا خواروی ورمێ نه ته‌نیا هێزێكی ئه‌وتۆی ئێرانی لێ نه‌بوو، به‌ڵكو بنكه‌ی هێزی به‌ریتانیا و سۆڤێتی شی لێ نه‌بوو. ئه‌و چه‌مكه دیسانیش رێگای بۆ بزووتنه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی عه‌شیره‌تی خۆشكرد (ره‌وتی رابردوو، شه‌پكه توند بوو ڕاده‌كه‌ن، شه‌پكه شل بوو دێنه پێش!). مه‌هابادیش كه‌وته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی عه‌شایر به‌تایبه‌ت مه‌نگوڕ. له‌و كاته دابوو كه خه‌ڵك به‌م راستیه گه‌یشتبوون: یه‌كه‌م: «وڵات نابێ بێ حكومه‌ت بێ!» دووه‌م: كوردیش پێویسته حكومه‌تی خۆی هه‌بی و به‌رگری له سه‌ره‌ڕۆیی عه‌شیره‌تی بكا.
له مه‌هاباد قازی موحه‌ممه‌د وه پێشكه‌وت چه‌شنێك «به‌ڕێوه‌به‌ری شار» پێكهات، هێزێك له خه‌ڵك بۆ به‌رگری له هێرشی عه‌شایرو نائه‌منی پێكهات. ئه‌م ره‌وته ـ تا دامه‌زرانی كۆمارـ ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام بوو. ئه‌و چوار ساڵه بۆخۆی ئه‌زموونێكی پێویست بوو بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی كوردی كه نه‌ك له مه‌هاباد به‌ڵكوو ناوچه كوردێكانی له سه‌قز تا سنووری سۆڤێت ده‌گرته‌وه، ساڵی 1942 كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف (رێكخراو‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی) له مه‌هاباد دامه‌زرا. ئه‌م رێكخراوه‌یه روانگه‌ی سیاسیی خه‌ڵكی سه‌باره‌ت به خۆیان و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی روون كرده‌وه. ئه‌گه‌رچی له‌و چوار ساڵه عه‌شایر له ژێر چاوه‌دێری «رێبه‌ری مه‌هاباد» نه‌بوون، به‌ڵام تا راده‌یه‌ك سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی شار راهاتبوون، له پاییزی ساڵی (1945/1324) كاتێك ته‌ورێز خه‌ریك بوو حكومه‌تێكی خودموختار پێك بهێنێ، كوردان نه‌یان ده‌ویست له ژێر ده‌ستی فارس و تاران بێنه‌ده‌رو بچنه ژێرده‌ستی تورك و ته‌ورێز. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به ئه‌وه‌ش بكه‌م: ئه‌وڕۆ له جیاتی به‌كاربردنی ناوی «تورك» وشه‌ی ئازه‌ری به‌كار ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌م ناو گۆڕینه باری سیاسیی هه‌یه، تور‌كان به باشی كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن! به‌شێك له‌وان وای داده‌نێن كه ته‌واوه‌تی ئازه‌ربایجان به پێی (ته‌قسیماتی كیشوه‌ری ئه‌وڕۆ) تایبه‌ت به گه‌لی توركه، ناوی ئازه‌ری -ش تایبه‌ت به‌م گه‌له‌یه. له حاڵێكدا به‌شێك له‌م ناوچه‌یه كه ئه‌وڕۆ ناوی ئازه‌ربایجانی رۆژئاوای پێدراوه، نیشتمانی مێژوویی گه‌لی كورده. وشه‌ی ئازه‌ریش به مانای خه‌ڵكی ئازه‌ربایجان، نه ته‌نیا تورك، به‌ڵكو گشت دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌گرێته‌وه. له لایه‌كی دیش له باری مێژووییه‌وه، ئازه‌ربایجان له لای رۆژئاوا نه‌ده‌گه‌یشته رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ورمێ، له رۆژهه‌ڵاته‌وه سوچی باكووری ده‌گه‌یشته ده‌ریای كاسپیه‌ن(تاریخی ته‌به‌ری). به‌ڵام له چه‌ند سه‌ده‌ی دواوه، به مه‌به‌ستی سیاسیی، مه‌ودای ناوچه‌كان ده‌ستی تێوه‌ردراوه. مه‌ڵبه‌ندی به‌ری رۆژئاوای ده‌ریای ورمێ له سه‌رده‌می ره‌زاشا ناوی پارێزگای «ئازه‌ربایجانی غه‌ربی» پێدرا.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، پادشا توركه‌كان له ئێران، له‌سه‌ره‌تاوه له‌و مه‌ڵبه‌نده یاریده‌ی توركانیان داوه تا به سه‌ر كو‌رداندا زاڵ‌بن، ئه‌و جه‌ڕه‌یانه له ده‌وری سه‌فه‌وێكاندا به كوشتار یان هه‌ڵبڕین و كۆچاندنی زۆره‌ملی، دیمه‌نی دێمۆگرافی ناوچه‌كه‌یان به لای توركاندا شكاند. ئه‌م ره‌وته زاڵمانه‌یه ببوو به هۆی ناكۆكی كورد‌و تورك و ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی له ئێران. كاتێك هێزی پادشایه‌تی كه‌م ده‌بوو، كوردان وه‌خۆده‌كه‌وتن. له حاڵێكدا كوردان چ دوژمنایه‌تێكیان له‌گه‌ل فارس و تور‌كان نه‌بوو. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته پادشایه‌تیه‌كان بۆ به‌رینكردنه‌وه‌ی مه‌ودای حكومه‌تی خۆیان، تۆوی دوژمنایه‌تیان داده‌چاند(تفرقه بینداز و حكومت كن).
له پاییزی 1945 كوردان توانیان حكومه‌تێكی دێموكرات بۆ گشت ناوچه كوردێكانی سه‌ر به پارێزگای ئازه‌ربایجانی غه‌ربی دابمه‌زرینن. برایه‌تی خۆشیان به هاوسێكان بسه‌لمێنن.
حكومه‌تی كوردان له باری دێموكراسی به‌رزتر له حكومه‌تی هاوسێكانی بوو، وه‌ك دیترا له ته‌ورێز، به‌و هه‌موو ئیمكانا‌تی ئیداری، كه‌سایه‌تی لێهاتوو، زانا، ده‌سه‌ڵاتی سه‌نعه‌تی و ئابووری پێشكه‌وتوو، حكومه‌تێكی چاولێكه‌ری له سیستمی سۆڤێت دامه‌زرا كه جه‌ماوه‌ری هاروژاند، له كاتی رووخان، خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوویان له خوێن گه‌وزاند. به‌ڵام له كور‌دستان له كاتی رووخانی حكومه‌ت، كه‌س ده‌گژ كاربه‌ده‌ستانی ناوخۆیی رۆنه‌هات و خوێن له كه‌پۆی كه‌س نه‌هات، به‌ڵكو بۆ له ده‌ستچوونی ده‌سه‌ڵات، فرمێسك له چاوان باری.
به‌م چه‌شنه قازی موحه‌ممه‌دو هاوڕێیانی به دنیایان نیشان دا كه كوردیش توانایی بزووتنه‌وه‌ی شارستانیانه، دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی هه‌یه. بڕوانه جرالد دووهێر(سه‌ركۆنسولی ئه‌مریكا له ته‌ورێز له ساڵی ( 1946) له‌م باره‌وه چۆن له لێهاتوویی كوردان بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌ت له سیفره‌وه به‌تایبه‌ت هێزی رێك و پێكی نیزامی(پێشمه‌رگه) ده‌دوێ ئه‌گه‌رچی ناوبراو وه‌ك دوژمن (ره‌قیبی سۆڤێت) ده‌ڕوانێته حكومه‌تی كور‌دستان. ئه‌و رووداوانه له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد دا وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی به نرخن.
+ ئه‌م ئه‌زموونه یانزه مانگییه ته‌مه‌نێكی زۆری نه‌بوو، به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی كورتدا توانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێك بهێنێ و حكومه‌ت رابگه‌یه‌نێت، تا چه‌ند دروستكردنی ئه‌م حكومه‌ته ماوه كورته پێداویستی ئه‌و قۆناغه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كور‌دستان بوو؟ پێتوایه ئه‌مه بیركردنه‌وه بیر تیژی و سه‌لیقه‌ی «قازی موحه‌ممه‌د» بوو‌ه؟
ـ پێداویستی قۆناغه‌كانی كۆمه‌ڵگا، له به‌ستێنی مێژووی وڵات پنج داده‌كوتێ، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كانی لێهاتووی كۆمه‌ڵگا، باشتر ده‌توانن ئه‌م هه‌لانه بقۆزنه‌وه. له ( 1941- 1945) له پارێزگای كوردستانیش ئه‌و هه‌له ره‌خسابوو، به‌ڵام ته‌نیا سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كه‌لكیان لێوه‌رگرت. كه‌سایه‌تی لێهاتووی شاره‌كان، چ بزاڤێكی ئه‌وتۆیان له خۆ نیشان نه‌دا.
سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی عه‌شیره‌تگه‌ری.
ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه‌كانی كورد ( وه‌ك ئه‌رده‌ڵان و موكریان)، له نێوه‌راستی سه‌ده‌ی نوزده له‌ناو چوون. ئه‌و حكومه‌تانه پتر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی پێكهه‌ڵپڕژێن، له‌مپه‌رێك بوون له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی عه‌شیره‌تی، به رووخانی ئه‌و حكومه‌ته ناوچه‌ییانه، بزووتنه‌وه‌ی ره‌مه‌كی و سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی عه‌شیره‌تی تا هاتنه‌سه‌ركاری ره‌زاشا زۆر به‌تین بوو. دوای نه‌مانی ره‌زاشا، دیسان سه‌ره‌ڕۆیی عه‌شیره‌تی له ناوچه‌ی موكریان ده‌هات ده‌ست پێ بكاته‌وه، به‌ڵام خاوه‌ن بیرانی ناوچه به پێویستیانزانی دووكار به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، یه‌كه‌میان: له‌و ده‌رفه‌ته بۆ به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست چووی كورد تێبكۆشن. دووه‌میان: به‌رگری له بزووتنه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی عه‌شیره‌تی بكه‌ن. لێره دابوو كه ئه‌وجار خه‌ڵكی مه‌هاباد ده‌ستیان وه‌پێش خست تا دیسان سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان وڵات نه شێوێنن. به هیممه‌تی خه‌ڵكی شار، كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف) دامه‌زرا، بڵاڤۆكی كوردی له چاپ درا، دواتر حزبی دیموكرات دروستكرا. ئه‌و حیزبه له ده‌ربڕینی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌دا- كه‌سه‌ره‌تایه‌كبوو بۆ دامه‌زراندنی‌حكومه‌ت - خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی بۆ گشت گه‌لی كوردی رۆژهه‌ڵات بوو. ئه‌و پرۆسه‌یه، وه‌ك پێداویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له رێكه‌وت و ده‌رفه‌ت، خۆی نواند. به‌ڵام مه‌ودای خۆنواندنه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سه‌ر وه پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا بوو.
وه‌ك ده‌بینین دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی كوردی، ته‌نیا ویستی تاك و كه‌سایه‌تییه‌كان (ته‌نانه‌ت «قازی موحه‌ممه‌د»یش)نه‌بوو، به‌ڵام بلیمه‌تێكی وه‌ك ئه‌و نه‌خشێكی كاریگه‌ری له دروستكردنی شارستانیانه‌ی ئه‌و پێداویستییه وه‌گه‌ڕ خست. قازی موحه‌ممه‌د بۆخۆی ئه‌ندامێك له‌م خه‌ڵكه بوو كه له به‌ستێنی چاندو بیری رزگاریخوازانه‌دا په‌روه‌رده ببوو. نوتقی قازی موحه‌ممه‌د له كاتی دامه‌زراندنی حكومه‌تی كور‌دستان (یه‌ك سه‌د ساڵ دوای رووخانی حكومه‌تی موكریان)، په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌سته سه‌ركوتكراوه‌كان لا‌دا. له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی مێژوویی، ئه‌و نوتقه‌ی قازی موحه‌ممه‌د، قامك دانان له سه‌ر پێداویستی ئه‌و قۆناغه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كور‌دستان بوو.
قازی موحه‌ممه‌دو هاوڕێیانی خواستی دڵی خه‌ڵكی ناوچه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی سه‌رده‌م گرێیدا. به‌ڵام له‌و حاڵه‌شدا، فیكری ناوچه‌گه‌ری وه‌لانرابوو، به‌یاننامه‌ی حزبی دێموكرات، گشت كوردانی رۆژهه‌ڵات ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی كور‌دستان ده‌ستكه‌وتی خۆی به ئی گشت كوردان داده‌نا، له هه‌ر لایه‌ك هاتبان، باوه‌شیان بۆ ده‌كراوه، ناودێركردنی حكومه‌ت به «جمهوری كور‌دستان» نیشانه‌ی بیری ئاوه‌ڵای قازی و هاوڕێیانی بوو، مۆركی مێژوویی بۆ كور‌دستان بوونی به‌شێك له ئه‌و پارێزگایه. به‌ڵام ئه‌وڕۆ دوژمنانی فێڵه‌زان و دۆستانی نه‌زان، یان ده‌غه‌ڵ، ناوی كوردستانی لێدكه‌نه‌وه‌و ناوی داتاشراوی «جمهوری مه‌هاباد» ی له‌سه‌ر داده‌نێن!
+ هه‌ندێك جار ناكۆكی و جیاوازی له‌سه‌ر بیروبۆچوونی قازی موحه‌ممه‌د دروست ده‌بێت له روی فیكری نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌وه بۆ پراكتیزه‌كردنی له به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیدا، تۆ وه‌ك خزمێكی نێزیك «زاوای قازی»، هاوسه‌نگی نێوان ئه‌م بۆچوونانه چۆن ده‌بینیت؟
ـ بۆ پراكتیزه كردنی سیاسه‌ت، پێویسته له جوغزی به‌شێك تیۆری و بیر‌و بۆچوون تێپه‌ڕین. ئه‌وه‌ش حاشای لێناكرێ بیر‌و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له بنه‌ماكانی پێكهاته‌یی كۆمه‌ڵگاو سیاسه‌ت ده‌رناهاوێژرێن. به وورد بوونه‌وه له‌م بابه‌ته ده‌رده‌كه‌وێ چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی ( به‌تایبه‌ت شۆڤێن و پاوانخواز) ئه‌گه‌ر بۆ مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسیش بووبێ، دیمه‌نی ئاینیی له نه‌ته‌وه‌خوازی گرێده‌دا تا پتر وه‌ی خه‌ڵك بۆلای خۆی رابكێشێ. بۆ نموونه جووله‌كه له‌سه‌ره‌تاوه بنه‌مای ئاینیی و نه‌ته‌وایه‌تیان به‌یه‌كه‌وه گرێداوه! به‌ڵام له حكومه‌تی ئیسرائیل‌دا كه حكومه‌تێكی نوێیه- پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه‌ی سیاسیی له جوغزی نرخه‌كانی ئاینیی تێده‌په‌ڕێ، ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی له سه‌ره‌تادا گێرامنه‌وه، شه‌پۆلی جۆراوجۆری ئاینیی، نه‌ته‌وه‌خوازی، بیر‌و بروای نوێ و كۆمۆنیستی تێدا به‌دی ده‌كرا. قازی موحه‌ممه‌د به نه‌رمی به‌رگری له ئارووژاندنی ئه‌م چه‌مكانه ده‌كرد. دیاره روانگه‌و سه‌لیقه‌ی خۆشی تێدا جێ ده‌كرده‌وه.
+كۆماری كور‌دستان له ناوچه‌یه‌كی بچووكی وه‌كو موكریان‌دا دروست بوو، بۆچی نه‌یتوانی وه‌كو پێویست په‌لبهاوێته ناوچه‌كانی تری كور‌دستان (رۆژهه‌ڵات)؟ ئایا كۆبوونه‌وه ته‌نها له‌م ناوچه‌یه‌دا و راگه‌یاندنی كۆمار وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌و واقیعه سیاسییه مێژووییه‌ی كور‌دستان؟
ـ له چه‌مكی «سیاسه‌تی جۆغرافیایی»دا، دروستكردنی حكومه‌ت، به «به‌رینایی ناوچه» گرێنه‌دراوه. چ ئه‌وكات، چ ئه‌مرۆ، زۆر ناوچه‌ی بچووكتر له موكریان هه‌ن كه حكومه‌تیان هه‌بووه‌و ئه‌ورۆش هه‌یانه‌و له لایه‌ن بنكه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به ره‌سمی ده‌ناسرێن. بۆ روونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی پرسیاره‌كه، ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر وتاره‌كانی پێشوو: ده‌رفه‌تی دروستبوونی حكومه‌تی كوردی له ساڵه‌كانی (1941) به‌دواوه تایبه‌ت به ناوچه‌ی موكریان نه‌بوو: له سێپته‌مبه‌ری (1941) به‌ریتانیا هێزه‌كانی خۆی له باشووری ئێرانه‌وه تا باكووری رێگای خانه‌قین، كرماشان دابه‌زاند. سۆڤێت، له باكووری ئێرانه‌وه تا باشووری ورمێ، بنكه‌ی هێزی خۆی لێ دانا. به‌و چه‌شنه مه‌ڵبه‌ندێكی به‌رین له سه‌روی كرماشانه‌وه تا ورمێ، نه ته‌نیا هێزی سۆڤێت و به‌ریتانی لێنه بوو، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیشی به ته‌واوی له سه‌ر نه‌مابوو. له‌م هه‌لو مه‌رجه‌دا چه‌مكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی دوو ناوچه‌ی موكریان و پارێزگای كور‌دستان و خوارتر، ته‌واو جیاواز بوو. له موكریان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی زۆر به‌تین بوو. به‌ڵام ئه‌وكات له سنه‌و شاره‌كانی تری كور‌دستان بیر‌و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی «تایبه‌ت به بیری نه‌ته‌وایه‌تی كورد» به‌رچاو نه‌بوو. له پارێزگای كور‌دستان، ته‌نیا به‌شێك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان بوون خۆیان ده‌نواند، ئه‌وان له به‌شێك له «موكریانه‌وه تا ناوه‌ندی پاوه»یان به‌ده‌سته‌وه بوو: له سه‌ره‌تای پاییزی ساڵی (1941) حه‌مه ره‌شیدخان، ناوچه‌ی بانه تا سه‌قز و سه‌رده‌شتی داگیر كرد! تارانیش له هاوینی ساڵی (1942) حكومه‌تی وی به ره‌سمی ناسی (فه‌رمانی فه‌رمانروایی پێدرا) مووچه‌شی بۆ بڕ‌ایه‌وه! مه‌حمودخانی كانی سانان ـ یش، له مه‌ریوان توانایی خۆی نواند، تاران ئه‌ویشی به فه‌رمانداری مه‌ریوان قبووڵكرد، ئه‌و ره‌وته تا ناوچه‌ی پاوه ده‌بیندرا. به‌ڵام حه‌مه ره‌شید و مه‌حمود نه‌یانتوانی له‌و هه‌لانه بۆ «به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد» كه‌لك وه‌ربگرن، وادیاره له شاره‌كانی پارێزگای كوردستانیش هه‌وڵێكیان بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتنی گه‌لی كورد له‌م ده‌رفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی وه ده‌ستكه‌وتووی عه‌شایری نه‌دا. به‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كی پتر له سێ ساڵی خایاند؛ ئه‌و «ده‌رفه‌ته» به فیڕۆ چوو. سه‌ره‌نجام حه‌مه ره‌شید هێرشی برده سه‌ر مه‌ریوان (كرده‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی عه‌شیره‌تی)، مه‌حمود خان یش له كاربه‌ده‌ستانی تارانی ویست «ئارته‌ش» یاریده‌ی بدا تا ده‌ستی حه‌مه ره‌شید له مه‌ریوان كورت بكاته‌وه! (بزووتنه‌وه عه‌شیره‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌س).
له سه‌ر ئه‌و داوایه، له سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1944 ئارته‌ش هێرشی برده سه‌ر حه‌مه ره‌شید و ئه‌وی بۆ گه‌رمێن ده‌رپه‌راند! به‌و چه‌شنه بانه، سه‌رده‌شت و سه‌قز (كه له روانگه‌ی مێژووییه‌وه، به‌شێك له موكریانن) كه‌وتنه‌وه بنده‌ستی ئارته‌ش و بنكه‌ی هێزی ده‌وڵه‌تیان سه‌ر له‌نوێ لێ دامه‌زرایه‌وه. فه‌رمانده‌كانی ئارته‌ش له‌م هه‌له كه‌لكیان وه‌رگرت به هێرشیك مه‌حمودیش بۆ لای حه‌مه ره‌شید به‌ڕێكرا!
به‌ڵام له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ره‌مه‌كی و سه‌ره‌ڕۆیانی عه‌شیره‌تی له پارێزگای كور‌دستان، له ناوچه‌ی موكریان له‌سه‌ره‌تاوه بزووتنه‌وه‌ی شارستانیانه- له سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد- پێشی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌وتۆی عه‌شیره‌تی گرتبوو. وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا دوای لاچوونی ره‌زاشا، عه‌شیره‌ی مه‌نگوڕ ده‌یه‌ویست مه‌هاباد بگرێ، به‌ڵام قازی موحه‌ممه‌د هێزێكی له «خه‌ڵكی شار» پێكه‌وه‌ناو به‌رگری له‌و ئاكاره سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی عه‌شیره‌تی كرد. ئه‌و به‌رگریه یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی رێك‌و پێكی كوردی بوو كه چوار ساڵ دواتر دیمه‌نی كۆماری كوردستانی به‌خۆیگرت.
دامه‌زرانی رێكخراو‌ی سیاسیی
وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا له هاوینی ساڵی(1942 / 1321) چه‌ند كه‌سی خه‌ڵكی مه‌هاباد رێكخراو‌ی به‌ناوبانگی (ژێكاف) یان دامه‌زراند، ئه‌وان له ده‌رفه‌ت كه‌لكیان وه‌رگرت گۆڤار‌و بڵاڤۆكیان ده‌ركرد، جه‌ماوه‌ریان بۆ كاری رێك و پێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی هاندا. له درێژه‌ی ئه‌و جووڵانه‌وه به نرخانه‌دا حیزبی دێموكرات دامه‌زرا. سه‌ره‌نجام خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه به یاریده‌ی ئه‌و كوردانه‌ی به ده‌نگیانه‌وه هاتبوون، توانیان به شێوازێكی شارستانیانه خۆیان به دنیا بناسێنن.
به‌ڵام كاتێك ناوچه‌كانی تری كوردستانی رۆژهه‌ڵات، نه‌یانوویستبوو بزووتنه‌وه‌ی عه‌شیره‌تی بكه‌نه بزووتنه‌وه‌ی رێك‌و پێكی شارستانیانه و ئارته‌شیان كێشابوویه‌وه ناو وڵات، حكومه‌تی كور‌دستان كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه له سیفره‌وه ده‌ستی پێكردبوو له‌و ماوه كه‌مه‌دا چی پێده‌كرا؟ ئه‌گه‌رچی داوایه‌كی ئه‌وتۆ بنه‌مای داواكردنی حزبی دێموكرات بوو (بڕوانه به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی حیزب). پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم: ده‌سه‌ڵاتی كۆماری كور‌دستان به هاوبه‌شی دانیشتوانی كورد له سه‌روی ماكۆیه‌وه تا سه‌قز دروستكرا، له ناوچه‌كانی تری كوردستانیش هه‌ر كه‌س به هاوده‌نگیانه‌وه هات، به‌خێرهاتنیان كرد و كاریان پێ ئه‌سپارد. نموونه‌یه‌كی به‌رزی ئه‌و چه‌مكه، باوه‌شكردنه‌وه بۆ بارزانێكان بوو، مه‌لا مسته‌فا ده‌ره‌جه‌ی ژینرالی پێدرا. له واقێعدا حكومه‌تی كور‌دستان تایبه‌ت به دانیشتوانی ناوچه‌ی موكریان نه‌بوو. سه‌رده‌شت كه ناوچه‌ی بنه‌مای موكریانه، له به‌ر قینه‌بڕكێی عه‌شیره‌تی، له لایه‌ن ئارته‌شه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو. ئه‌و مه‌ڵبه‌نده تا سه‌قزو خوارتر، له سوپا ئاخندرا بوو، ئه‌گه‌ر له جیاتی خۆنواندنی عه‌شیره‌تی، له شاره‌كانی پارێزگای كوردستانیش، بزووتنه‌وه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی كراباو كه‌سایه‌تی لێهاتوو خۆیان نیشان دابا، هه‌ر دوو ناوچه‌ی كور‌دستان به هاوكاری یه‌كتر ده‌یانتوانی ته‌واوه‌تی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده به‌رینه بخه‌نه به‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كورد، ئینجا به تێڕادیوی داوای هاوبه‌شی له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا بكه‌ن و له شارومه‌ندی پله دوو خۆ رزگاربكه‌ن.
كاتێك حكومه‌تی ئازه‌ربایجان دروست ده‌بوو، له شاره تێكه‌ڵاوه‌كانی وه‌ك ورمێ، خۆی، سه‌ڵماس و ماكۆ، عه‌شیره‌ته‌كانی كورد یاریده‌ی توركانیاندا، ئه‌وه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی ته‌ورێز ده‌رفه‌تیدا له ده‌ره‌وه‌ی شاره تێكه‌ڵاوه‌كان، كوردان كاروباری خۆیان به‌ده‌سته‌وه بگرن. به‌ڵام كوردان داوای هاوبه‌شی له ده‌سه‌ڵاتی شاره تێكه‌ڵاوه‌كانیان ده‌كرد چه‌ند جاریش چوونه ناو شاره‌كان، ته‌نانه‌ت كه‌ره‌تێك چوونه سه‌ر شاری مه‌ره‌ند و گوتیان لێره‌وه به‌ره‌و رۆژئاوا سنووری ده‌سه‌ڵاتی «كۆماری كور‌دستان»ه. به‌ڵام به ویستی ته‌ورێز، كۆنسولی سۆڤێت هه‌ره‌شه‌ی له كوردان كرد و پاشه‌كشه‌ی پێكردن.
عه‌شیره‌ته‌كانی سه‌روی ناوچه‌ی موكریان له دامه‌زراندنی حزبی دێموكراتی كوردستاندا به‌شدارییه‌كی ته‌واویان كرد. ئه‌م ره‌وته كه عه‌شایر وه دوای قازی كه‌وتن، له لێهاتوویی قازی و هاوڕێیان و شێواز‌ی بزووتنه‌وه‌ی شارستانیانه و رێكخراوه‌یی ناوچه‌ی موكریان بوو. ئه‌گینا ئه‌و عه‌شایرانه‌ش ده‌یانه‌ویست وه‌كو حه‌مه‌ڕه‌شیدخان بكه‌ن! قازی موحه‌ممه‌د له لای وانه‌وه «رچه‌شكێنی» كردبوو: سه‌روه‌ری سه‌دان ساڵه‌ی له ده‌ست سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و شێخه‌كانی ته‌ریقه‌ت ده‌رهێنابوو! عه‌شایر گه‌پیان به خه‌ڵكی شار ده‌دا. به‌ڵام لێهاتوویی قازی موحه‌ممه‌دو هاوڕێیانی، سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی وادار كرد بۆ چه‌مكی دامه‌زراو له شار مل داخه‌ن. ته‌نانه‌ت حكومه‌تی كورد حه‌مه ڕه‌شیدیشی كرده ئه‌ندامێك له فه‌رمانده‌كانی هێزی حكومه‌تی كور‌دستان و له بنكه‌یه‌ك نزیك سه‌قز دایبه‌زاند! حه‌مه ره‌شیدێكی كه ماوه‌ی سێ سال فه‌رمانره‌وای بانه، سه‌قز و سه‌رده‌شت بوو! به‌و چه‌شنه ئه‌ویشی وادار كرد له‌رووی یاسا و دیسیپلین ببزوێته‌وه، خود سه‌ر كاران نه‌كا.
دیاره له ماوه‌یه‌كی كورت و پرۆسه‌یه‌كی ئه‌وتۆدا ناكرێ بڵێێن چاندو بیری سه‌روه‌ریی خوازانه‌ی عه‌شیره‌تی سه‌دان ساڵه، ته‌واو هاتبوویه سه‌ر ئه‌و چه‌مكه نوێیه و هۆگرانی ئه‌و چانده كۆنه‌و ئاغاوه‌ت و شێخ ده‌ستیان له ئاغایه‌تی و سه‌روه‌ری هه‌ڵگرتبوو! ڕه‌وتی شه‌پكه‌ی توند‌و شه‌پكه‌ی شل هێرش و راكردن وه‌لا نه‌نرابوو! ده‌توانم بڵێم ئێستاش ئه‌و روانگه‌یه بۆ بزووتنه‌وه هه‌ر له ئارادایه!
وه‌ك دیتمان له كاتی رووخانی حكومه‌تی كور‌دستان شێخ و ئاغاوه‌ت بایانداوه لای ده‌وڵه‌ت! له‌كاتێكدا قازی موحه‌ممه‌د وه‌ك رێبه‌رێكی» ر‌چه‌شكێن» وه‌رچه‌رخانێكی به‌رزی مێژوویی له شێواز‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كور‌دستان وه‌گه‌ڕ خست.
ئه‌وه‌ی كه به‌رێزتان ده‌ڵێن: «وه‌كو پێویست په‌لبهاوێته ناوچه‌كانی تری كوردستانی رۆژهه‌ڵات جگه له قسه‌كانی پێشتر، پێویسته دووپاتی بكه‌مه‌وه: ئه‌و كاتیش ئه‌و بیره له ئارادا بوو، هه‌وڵیشی بۆ درا، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا له‌و ماوه‌كورته‌دا نه‌ده‌گونجا. لای باشووری موكریان بۆخۆیان ده‌رفه‌ته‌كانیان به فیڕۆ دابوو. سه‌رله‌نوێ ئارته‌شیان له ناوچه دابه‌زاندبوو.
به‌شی دوایی پرسیاره‌كه: « ئایا كۆبوونه‌وه ته‌نها له‌م ناوچه‌یه‌دا و ڕاگه‌یاندنی كۆمار وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌و واقیعه سیاسییه مێژووییه‌ی كور‌دستان ؟» به‌داخه‌وه ئێستاش روانگه‌ی هه‌ڵقوڵاو له چاندی عه‌شیره‌تی خۆی به روانگه‌ی ئه‌وڕۆیی داده‌نێ، بۆیه ناتوانێ دیارده و روداوی رابردوو هه‌ڵبسه‌نگێنێ. ئه‌گینا ئه‌وه روونه كه ئه‌وده‌م ته‌نیا له ناوچه‌كانی باكووری كوردستانی رۆژهه‌ڵات بوو- كه به یاریده‌ی خه‌ڵك و كه‌سایه‌تی لێهاتووی له‌خۆبردوو- توانیان له ده‌رفه‌ت كه‌ڵك وه‌ربگرن و خواستی شارستانیانه‌ی گه‌لی كورد به دنیا رابگه‌یه‌نن. ئه‌و چه‌شنه بۆچوون و پرسیارانه، پرسیار‌گه‌لێكی تریان لێ ده‌كه‌وێته‌وه وه‌ك:
ـ حكومه‌تی كور‌دستان له سیفره‌وه ده‌ستی پێكرد، ئه‌و ده‌ستپێكردنه وه‌ڵام بوو بۆ «ئه‌و واقیعه سیاسییه مێژووییه‌ی كور‌دستان». به‌ڵام كوا له‌و ماوه كورته‌دا ئه‌و هه‌مووه خواسته (كه ئه‌وڕۆ ده‌خرێنه به‌ر چاو) جێ به جێ ده‌كرا؟
ـ ئایا دامه‌زراندنی حكومه‌تی كورد (ته‌نانه‌ت له ناوچه‌یه‌كی بچووك یش) هه‌ڵه بوو؟ ئایا نه‌ده‌بوو ئه‌وكاره بكرابا؟
ـ ئایا نیشاندانی لێهاتوویی كورد كه توانی حكومه‌تێكی ئه‌وڕۆیانه‌تر، دێموكراتیك تر‌و مرۆڤ دۆستانه‌تر له هاوسێكان دابمه‌زرێنێ، بیر‌و كرده‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه بوو؟
ـ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته دانه‌مه‌زرابا بۆ وه‌ڵامی پێویستیه‌كانی مێژوویی كور‌دستان و گه‌لی كورد باشتر ده‌بوو؟
ـ ئایا به ده‌ربازبوونی پێشه‌واو هه‌ڵبژاردنی چه‌مكی راوه‌ستانی چه‌كدارانه له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێران جگه له خه‌سارێكی له ئه‌ژمار نه‌هاتوو ده‌ستكه‌وتێك وه ده‌ست كوردی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌وت؟
+ كاتێك كۆماری كور‌دستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئارته‌شی شاهه‌نشاهی ئێران رووخا‌و قازی و هاوڕێیانی ده‌سگیركران و له سێداره دران بۆچوونی جۆراوجۆر له‌سه‌ر شێواز‌ی ئه‌و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانه هه‌یه، هه‌ندێ ده‌ڵێن نه‌ده‌بوو قازی خۆی ته‌سلیم بكردایه‌و ده‌بوو وه‌كو بارزانییه‌كان شه‌ڕی بكردایه‌و به‌ئاسانی خۆی نه‌دایه به‌ده‌سته‌وه، ده‌توانین بڵێین ته‌سلیم نه‌بوونی قازی به رژیمی شا گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی ده‌هێنایه كایه‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی دۆخی سیاسیی كور‌دستان له رۆژهه‌ڵات؟
ـ بۆچوونی جۆراوجۆر مافی لێكۆڵه‌ره، دیاره ئه‌گه‌ر لێكۆڵه‌ر ده‌غه‌ڵ بێ، مه‌به‌ستی له كاره‌كه‌ی شێواندنی بابه‌ته‌كه‌یه. به‌ڵام بۆ لێكۆڵه‌ری راسته‌قینه، ئاگاداری دروست له هه‌لومه‌رج و چه‌شنی رووداوه‌كان پێویسته. به‌كورتی ده‌توانم بڵێم:
قازی موحه‌ممه‌د له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد، رچه‌شكێنی كرد، «رانهكردنی بۆ به‌رگری له كوشتاری خه‌ڵك» به‌شێك له‌م رچه‌شكێنیه بوو، كه ئێستاش له‌گه‌ڵ بیر‌و چاندی عه‌شیره‌تی تێكه‌ڵاوه به بیری به رواڵه‌ت «نوێ» یه‌ك ناگرنه‌وه.
جیاوازی كه‌سایه‌تییه‌كان
مه‌لا مسته‌فا وه‌ك سه‌رۆك «ئێل»، به‌ڵام ئێلێكی ته‌واو جیا له عه‌شیره‌تی دی به پشتیوانی چه‌ند سه‌د كه‌س له مریدانی، به لێهاتوویی بێ وێنه‌ی شه‌ڕی پارتیزانی و كه‌ڵك وه‌رگرتن له مه‌ودای شاخه‌كانی كور‌دستان و ده‌رفه‌تی سیاسیی سه‌رده‌م، توانی خۆ بخزێنێته ناو سۆڤێت. به‌ڵام قازی موحه‌ممه‌د وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی شارستانی نوێ، بروایه‌كی به بزووتنه‌وه، به ره‌وتی ئه‌وتۆ نه‌بوو. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ناكرێ ئه‌و دوانه پێكهه‌ڵبسه‌نگێنین. رانه‌كردن یان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی قازی موحه‌ممه‌د، بنه‌مای بیروڕایه‌كی نوێ له نێو كوردان ده‌ژمێردرێ. ئه‌و ره‌وته نوێیه سه‌ره‌تایه‌كی بێ وێنه بوو له بزووتنه‌وه‌ی شارستانیانه‌و رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد‌و رچه‌شكێنی له ره‌وتی باوی پێشوو بوو.
ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌ڵێ: قازی موحه‌ممه‌د «ده‌بوو وه‌كو بارزانییه‌كان شه‌ڕی بكردایه» پاشماوه‌ی روانگه‌ی عه‌شیره‌تی تێدا ماوه، ئه‌گه‌رچی كراسی نوێی به‌سه‌رخۆدا كێشاوه! هه‌ر بۆیه‌ش ناتوانێ جیاوازی كه‌سایه‌تییه‌كان له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیروباوه‌ڕ له به‌ر چاو بگرێ.
قازی و لایه‌نگرانی، په‌یوه‌ندی سه‌رده‌می و رێكخراوه‌ییان به‌یه‌كه‌وه هه‌بوو، له حاڵێكدا مه‌لامسته‌فاو بارزانییه‌كان، په‌یوه‌ندی پیرو مریدانه‌ی زۆر پته‌ویان به یه‌كه‌وه هه‌بوو. په‌یوه‌ندی نێوان بارزانییه‌كان، به دوور له هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی رێكخراوه‌یی بوو كه قازی موحه‌ممه‌د له‌به‌ر چاوی گرتبوو. ئه‌و له رووی بیر‌و باوه‌ڕێكی جیا له بارزانی، نه‌ده‌كرا «وه‌ك» ئه‌وان ڕوو له‌چیاكان بكا و خاو‌و خێزان به دووی خۆدا ڕه‌كێش بكا و دوایه‌یش وه‌كوو زۆرینه‌ی ئه‌وان بگه‌ڕێته‌وه ناو وڵات.
ئه‌وه حاشای لێناكرێ مه‌ودای په‌روه‌رده بوونی قازی موحه‌ممه‌د ته‌واو له‌گه‌ڵ مه‌لامسته‌فا جیا بوو، قازی موحه‌ممه‌د له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆڕ‌و میسیۆنه پزیشكیه مه‌سیحیانه‌ی رۆژئاوایی- كه له مه‌هاباد بنكه‌یان دانابوو ئاشنا بوو، ئه‌و ناسیاوی و هاتووچۆیه، هۆی ئاشنا بوونی قازی موحه‌ممه‌د به زبانی ئه‌وروپایی و زانستی «گشتی» نوێ بوو. كوا قازی موحه‌ممه‌د ده‌بوایه وه‌ك مه‌لا مسته‌فا بیر بكاته‌وه و وه‌ك ئه‌و په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و مریدانه دروستبكات؟ قازی دوو هه‌ڵوێستی به‌رزی له خۆی نواند:
1ـ له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد، ره‌وتی رێبه‌ری شارستانیانه‌ی له جێگای رێبه‌ری عه‌شیره‌تی و شێخایه‌تی دانا.
2ـ له كاتی نه‌مانی مه‌ودای راگرتنی ده‌سه‌ڵات، پرسی به را‌ی جه‌ماوه‌ر كرد‌و خۆی فیدای ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و هاوڕێیانی كرد. وه‌ك ده‌بینین ئێستاش زۆرتری رێكخراو و كه‌سایه‌تی سیاسیی كورد، دروشمی په‌یڕه‌وی له رێبازی قازی موحه‌ممه‌د به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام زۆرتریان ته‌نیا له نێوی قازی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن ئه‌گینا بیر‌و رێبازی ئه‌ویان بزر كردووه!
له لایه‌كی تر، گرێ پووچكه‌ی توێژینه‌وه‌و بۆچوون ده‌ركردن له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و رووداوه‌كانی مێژوویی، زۆرتر به له‌به‌رچاو نه‌گرتنی جیاوازی بنه‌ڕه‌تی نرخ دانان بۆ بیر و لێكدانه‌وه‌ی باو له دوو سه‌رده‌می جیاوازه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ ناتوانن روانگه‌ی قازی موحه‌ممه‌د ده‌رك بكه‌ن، ئێستاش روانگه‌ی عه‌شیره‌تیان هه‌یه.
هۆیه بزركراوه‌كانی رووخانی كۆمار
كاتێك به وردی بروانینه سه‌رده‌می رووخانی حكومه‌تی كور‌دستان، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ جگه له هێرشی «ئارته‌شی شاهه‌نشاهی ئێران» له‌ق بوونی بنه‌مای ئابووری حكومه‌تی كور‌دستان یه‌كێك له هۆگه‌لی رووخانی حكومه‌ت بوو. له پاییزی ساڵی 1946 حكومه‌تی كور‌دستان توانایی به‌ڕێوه‌به‌ری ئابووری خۆی له ده‌ست دابوو. لێره‌دا بۆ نموونه مانه‌وه‌ی توتن باس ده‌كه‌م: كڕینی توتن له پاوانی ده‌سه‌ڵاتی تاران دابوو، ئه‌و بابه‌ته بۆ حكومه‌تی كور‌دستان گرێ و به‌رهه‌ڵستێك بوو، توتنی ناوچه‌ی موكریان له ئه‌نباره‌كانی مه‌هاباد له حاڵی رزین دابوو. توتنكاره‌كان داوای پاره‌یان ده‌كرد، به‌ڵام تاران له كڕینی توتن خۆی گێل ده‌كرد، حكومه‌تی كوردیش بۆ خه‌رجی رۆژانه و دانی مووچه به كاربه‌دستان، ده‌ستی بۆ یارمه‌تی خه‌ڵك درێژ كردبوو، قازی موحه‌ممه‌د به سه‌رۆكی دارایی (ماڵیه) ده‌ستووری دا كه گه‌نمی داهاتی موڵكی وی بفرۆشێ و كه‌لێنێكی ئابووری پێ پڕبكاته‌وه! به‌ڵام شپرزه‌یی ئابوری بناغه‌ی حكومه‌تی ته‌واو له‌قاندبوو. ئه‌گه‌ر هێرشی ئارته‌شی ئێران - یش نه بوو‌با، زۆر چه‌توون بوو حكومه‌ت توانیبای له‌سه‌رپێی خۆی رابووه‌ستێ.
بریار بۆ راوه‌ستان و پاشه‌كشه له بریار
ئه‌گه‌رچی چه‌مكی ئابووری زۆر شپڕێو بوو، به‌ڵام له ئاخرین بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی هاوكارانی قازی موحه‌ممه‌د(14 سه‌رماوه‌ز/ 5 دیسه‌مبه‌ری1946) ئه‌وان له سه‌ر راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر هێرشدا سوربوون. به‌ڵام به تێكشكانی هێزی ئازه‌ربایجان(دوای گیرانی شاری زه‌نگان/ زنجان، شا له رۆژی 15ی سه‌رماوه‌ز گه‌یشته زه‌نگان و فه‌رمانی درێژه‌دان به هێرشی بۆ سه‌ر ئازه‌ربایجان و كور‌دستان ده‌ركرد)، را‌ی حكومه‌تی كور‌دستان هاته سه‌ر « راپرسی» له خه‌ڵك بۆ راوه‌ستان یان نه‌وه‌ستان؟ ئه‌و چه‌مكه، به‌رزترین شێواز‌ی دێموكراسی له سه‌رده‌می حكوه‌مه‌تی كور‌دستان بوو. به‌و پێیه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له (15)ی سه‌رماوه‌ز (له گۆڕایی به‌ر مزگه‌وتی هه‌باس ئاغا) به هاوبه‌شی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزب، گه‌وره پیاوان و خه‌ڵكی ئاسایی (ئه‌منیش له‌و كۆبوونه‌وه‌دا بووم) سازدرا.
له سه‌ره‌تا ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری راوه‌ستان بوون، قسه‌ی خۆیان كرد. به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵك رایان جیاواز بوو. را‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌وڵه‌تدا نه‌یانده‌ویست رابووه‌ستن، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند: هێزی ده‌وڵه‌ت زۆر به قین و فێڵه‌وه په‌لاماری وڵات ده‌دا، باشتره ئێمه خۆ له ده‌رگیری بپارێزین تا بتوانین له كوشتار‌و هه‌ڵوه‌دابوونی زۆرینه‌ی دانیشتوانی ناوچه به‌رگری بكه‌ین. ئه‌گینا شاره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌شمان له ده‌ست ده‌چێ. ده‌كرێ بڵێین ناوه‌ڕۆكی قسه‌كان به‌و چه‌شنه بوو:
نه‌مانی حكومه‌تی ئازه‌ربایجان و نه‌بوونی چه‌كی به‌كه‌ڵك له به‌رامبه‌ر هێرشی ئارته‌ش، هه‌ڕه‌شه‌ی شاراوه‌ی توركیا، عێراق و زلهێزه‌كانی رۆژئاوایی، له حكوومه‌تی كور‌دستان ، شپڕێوی ئابووری، گه‌ماڕۆ بۆ به‌رگری له هاتنی كه‌لو په‌لی زۆر پێویستی ژین؛ له لایه‌كی دیش دێهات و شاخه‌كان له بنده‌ستی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كاندان، ئه‌وانیش به توند بوونه‌وه‌ی شه‌پكه! هه‌ر له ئێستاوه پاڵیان وه ئارته‌ش داوه. ده‌وڵه‌ت، هه‌موومان به گژ یه‌كداده‌كا، خه‌ڵك بۆ كوێ په‌نا به‌رن؟
رانهكردنی قازی موحه‌ممه‌د
كاتێك رووخانی كۆمار وه‌ڕاست گه‌ڕاو زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌رگیریان ره‌تكرده‌وه، قازی موحه‌ممه‌د مانه‌وه‌ی خۆی بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و نامووسی خه‌ڵك و هاوڕێیانی هه‌ڵبژارد. ئه‌و زۆرجار له قسه‌كانیدا باسی ئه‌وه‌ی ده‌كر:
«به پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی دوژمنان و كوردكوژان، كورد هه‌ر ده‌مێنێ و رۆژێك مافی خۆی وه‌ده‌ست دێنێ.» به بڕوای من قازی «رانهكردنی» به درێژه‌دانی تێكۆشانی گه‌لی كورد داده‌نا.
ئه‌وه‌ش بڵێین: ئه‌گه‌رچی جه‌ماوه‌ر ئه‌ویان به پێشه‌وای خۆیان دانابوو، به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌ویست را‌ی خۆی یان حزب به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێ. كاتێك جه‌ماوه‌ر ده‌رگیریان نه‌ده‌ویست، پێشه‌واش ده‌نگی ئه‌وانی وه‌رگرت. له‌و ئاسته ئه‌سته‌مه‌ی مێژوویی‌دا، هه‌موو ناتوانن ئه‌و چه‌شنه‌ی قازی موحه‌ممه‌د روانیوێتییه بابه‌ته‌كان، لێیان بڕوانن و لێكیان بده‌نه‌وه، ئه‌و چه‌شنه‌ی ئه‌و نرخی بۆ داناون، هه‌ر وه‌ك ئه‌و نرخیان بۆ دابنێن.
قازی موحه‌ممه‌د له به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ردا شێواز‌ی دێموكراسی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام بۆ پاراستنی خه‌ڵك و هاوڕێیانی (به بڕوای زۆركه‌سیش بۆ راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد له ئێران)، بی وێنه‌ترین روانگه‌ی مرۆڤایه‌تی گرته پێش. دوای ئه‌و ته‌سمیمه، كاتێك خێزانی پێی گوت: چاو له من و منداڵه‌كان و كچۆڵه شیر‌ه‌خۆره‌كه‌ت بكه، ئێمه بۆ كوێ په‌نا به‌رین؟... ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه: ئێوه له ئه‌و خه‌ڵكه زیاتر نین!
+ كاتی دروستبوونی «كۆماری كور‌دستان» رێوره‌سمی ئاینیی جێبه‌جێ كراوه، بۆ نموونه دامه‌زراندنی كۆمار له سه‌ر چوار پایه بوو‌ه، یه‌كێكیان بریتی بوو‌ه له «ئیسلامییه‌ت»، ریوره‌سمێكی تریان خۆپاككردنه‌وه و سوێندخواردن بوو‌ه كه خیانه‌ت له كورد‌و كۆمار نه‌كات، به را‌ی تۆ ئه‌م ره‌هه‌نده ئاینییانه خواستی واقیعی كۆمه‌ڵگای كوردی سه‌پاندویه‌تی یان به‌رنامه‌ی تایبه‌تی قازی بوو‌ه كه كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینیی بنه‌ماڵه‌یه‌كی مسوڵمان بوو‌ه؟
ـ ئه‌من پێموایه له‌و پرسیاره‌دا چه‌مكی كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف) و حزبی (دێموكرات)، تیكه‌ڵكراوه، بۆیه به پێویستی ده‌زانم ره‌سمی دامه‌زرانی ئه‌و دوو رێكخراوه‌یه بخه‌مه به‌رچاو:
1ـ كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف) له (25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1321/ 1942) له سه‌ر چوار پایه دامه‌زرا: ئیسلامه‌تی، كوردایه‌تی، مه‌ده‌نییه‌ت، سوڵح و ئاشتی. ره‌وتی به‌ئه‌ندامبوونیش به ده‌ستنوێژ هه‌ڵگرتن و سوێند خواردن پێك ده‌هات، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بوو به ئه‌ندامی (ژێكاف)، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ده‌بوو خیانه‌ت به كورد بكا. ئه‌و ره‌وته‌ی (ژێكاف) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه دامه‌زرینه‌ران زۆر ئاینیی بوون، به‌ڵكو له به‌ر ئه‌وه‌ی بوو كه روانگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و سه‌رده‌می كور‌دستان، پتر له بایه‌خه‌كانی ئاینیی نزیك بوو. خه‌ڵك به ئه‌ندامانی ژێكافیان ده‌كوت: «سوێندخۆر»، بڕوایه‌كی ته‌واویان پێده‌كردن، خه‌ڵكی ئاسایی ئه‌و سه‌رده‌م، له دامه‌زرانی ژێكاف و كرده‌وه‌ی سوێندخۆره‌كان رازی بوون.
2ـ حزبی دێموكراتی كور‌دستان له یه‌كه‌می خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی (1324/1945) هه‌وه‌ڵین به‌یاننامه‌ی دامه‌زرانی خۆی راگه‌یان، یه‌كه‌مین كۆنگره دوای به‌یاننامه‌كه پێكهات. ئه‌و حزبه له‌سه‌ر سێ كۆڵه‌كه‌ی حه‌قیقه‌ت، عه‌داڵه‌ت و ته‌مه‌دون دامه‌زرا. به‌ڵام به‌ره به‌ری هاوینی ساڵی دواییه، رۆژی دامه‌زرانی (ژێكاف) كرا به رۆژی دامه‌زرانی حزب.
به بروای من وێده‌چێ گۆڕینی كاتی دامه‌زرانی حزب، یان له‌به‌رچاو گرتنی حزب وه‌ك درێژه‌ده‌ری كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووبێ كه ئه‌ندامانی (ژێكاف) له سوێندخواردنه‌كاندا، له ئه‌ندام بوونی رێكخراوه‌یه‌كی تر مه‌نع كرابوون(ئه‌و سه‌رده‌م له چه‌ند كه‌سانم بیست كه ده‌یانگوت: به ئه‌ندامه‌تی حزبی دیموكرات، سوێنده‌كه‌مان لێده‌كه‌وێ). ئه‌و ئیحتیماله هه‌یه دواتر وا به مه‌سڵه‌حه‌ت زانرابێ كه حزبی دیموكرات، به درێژه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژیكاف دابندرێ، ئه‌گینا چ راگه‌یه‌ندراوه‌یه‌ك له لایه‌ن (ژیكاف) یان (حزبی دێموكرات) (له سه‌رده‌می دامه‌زراندا) له ئارادا نییه كه گۆڕان یان جێگۆڕكێی رێكخراوه‌یی نیشان بدا. حزبی دێموكرات، له سه‌رده‌می ده‌ربڕینی به‌یاننامه‌و یه‌كه‌مین كۆنگره‌دا نیشانی‌دا كه حزبێكی نوێ و ته‌واو جیا له «كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف»ه.
له لایه‌كی دی رێ‌و ره‌سمی سوێند خواردنی سه‌رۆكانی حكومه‌ت یان خاوه‌ن پۆستانی تایبه‌ت، شیوازێكی باو له زۆرتری وڵاتانی جیهانه. ده‌كرێ سوێندخواردنی قازی موحه‌ممه‌د كاتی به سه‌رۆك هه‌ڵبژاردن یان كه‌سانی تر له كارپێ ئه‌سپاردراوانی حزب و حكومه‌ت، شێوازێكی ئه‌وتۆ بووبێ. ئه‌م راستیه‌ش حاشای لێناكرێ: قازی موحه‌ممه‌د كه‌سایه‌تییه‌كی پێشكه‌وتووی ئاینیی بوو، ئه‌و كه‌سایه‌تی ئاینیی كوردی وه‌لا نه‌نابوو: له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی كور‌دستان، سه‌رۆك وه‌زیر حاجی بابه شێخ، سه‌رۆكی دادگوسته‌ری مامۆستا مه‌لا حوسێنی مه‌جدی، وه‌زیری موشاویرعه‌بولڕه‌حمان ئێلخانی زاده، هه‌موویان كه‌سایه‌تی ئاینیی بوون. به‌ڵام سوێندخواردن بۆ به‌رگریكردن له خیانه‌ت به‌س نییه، پێویسته لێ پرسینه‌وه هه‌بێ. ئه‌و كه‌سانه‌ی به پێچه‌وانه‌ی سوێند خواردن خیانه‌ت ده‌كه‌ن، به سزای كرده‌وه‌ی ناراست بگه‌ن. تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئاگادارم، قازی موحه‌ممه‌د ئه‌و شێوازه‌ی له‌به‌رچاو بوو. به‌ر له رووخانی كۆمار یه‌كێك له سه‌ركرده‌كان به بۆنه‌ی ده‌ستپیسی ئابووری زیندانی كرابوو.
+ ئه‌مرۆ هێزگه‌لێكی زۆر له رۆژهه‌ڵاتی كور‌دستان باس له میراتگری و وه‌جاخ رۆشنی كۆماری كۆردستان و رێبازی قازی ده‌كه‌ن، روانینی دكتۆر عه‌بدوڵڵا چییه له‌م باره‌یه‌وه؟ ده‌كرێ ئه‌مانه بتوانن ئه‌و مافه بۆخۆیان ده‌سته به‌ر بكه‌ن؟ چۆن؟
ـ ته‌واوه‌تی گه‌لی كورد به‌تایبه‌ت به‌شی رۆژهه‌ڵات، میراتگری «بیر‌و كرده‌وه‌ی» قازی موحه‌ممه‌دن. ئه‌و چه‌مكه‌ی ئێوه‌ش ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن نیشان ده‌دا رێبازی قازی موحه‌ممه‌د، ئێستاش راو ده‌نگی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردی رۆژهه‌ڵاتی له پشته.
+ قازی موحه‌ممه‌د سه‌باره‌ت به جیابیران و موخالیفان تابوشتی یه‌كجار زۆر بوو. ئایا ئه‌و هێزگه‌له‌ی ئێوه ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن؛ ده‌توانن له به‌رامبه‌ر جیابیر‌و موخالیفان ئه‌و تابوشته‌یان هه‌بێ؟ ده‌كرێ نموونه‌یه‌ك نیشان بده‌ن تا خۆ به میراتگری له قازی موحه‌ممه‌د دابنێن؟
ـ قازی قامكی له‌سه‌ر خوێندن و فێربوون و زانست و تێكۆشانی مه‌ده‌نی داده‌نا، له كرده‌وه‌ی ره‌مه‌كی و توندوتیژی سه‌باره‌ت به خه‌ڵك و جیابیر و موخالیفان خۆی ده‌پاراست.
به‌ڵام گه‌وره‌یی قازی محه‌ممه‌د و شه‌هیدانی هاوتای له‌وه‌دایه:
ئه‌وان له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕێك، «ئاگاهانه» له دنیای «بوون»، به‌ره‌و «نه‌بوون» ده‌فڕن.
+ له دوای رووخانی كۆماری كور‌دستان و نه‌مانی قازی موحه‌ممه‌د چۆن له مێژووی سیاسیی كورد ده‌روانن له كوردستانی رۆژهه‌ڵات؟
ـ مێژووی سیاسیی كورد له ئێران، له‌سه‌ره‌تاوه راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر زوڵم و زۆری رژێم بوو‌ه. ئێستاش ئه‌و چه‌مكه له ئارادایه. له سه‌ده‌ی رابردوو رژیمی په‌هله‌وی دیمه‌نی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی به خۆی گرت، له نێو كوردانیش چالاكی نه‌ته‌وایه‌تی په‌ره‌ی گرت. ئه‌وه‌ی كه سه‌رده‌می كۆمار ده‌بیندرا، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌خوازی له‌ناو سه‌رۆك ئێل و ئاغاوه‌ت به ده‌گمه‌ن له مه‌ودای راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان كه چه‌شنێك رواڵه‌تی كوردی هه‌بوو تێده‌په‌ڕی. له حاڵێكدا له ناو چینه‌كانی دی، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌خوازی زۆر به تین بوو.
به‌ڵام به بڕوای زۆرینه‌ی خه‌ڵك، چاره‌نووسی كوردی رۆژهه‌ڵات به ئێرانه‌وه گرێدراوه. وادیاره ئه‌وان ده‌یانه‌وێ وێڕای گه‌لانی تری ئێران، خاوه‌نی مافی چاره‌ی‌خۆنووسین بن و ئینجا به «یه‌كه‌وه» بژین و ده‌وڵه‌تێكی «هاوبه‌ش» پێكه‌و بنێن.
+ به‌ڵام ئه‌و ئاواتانه چ له ناره‌زایه‌تی خه‌ڵك له زوڵم و زۆری رژێم و كاربه‌ده‌ستان كه‌م ناكاته‌وه. كاتێك باس له مێژووی سیاسی كوردی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌ین پێویسته رابردوو له به‌رچاو بگرین، فێڵ و ده‌غه‌ڵی كاربه‌ده‌ستانی رژێم له‌بیر نه‌چۆته‌وه.
ـ كاتێك له دێهات ده‌یانگوت پیاوی ده‌وڵه‌ت هات، وه‌ك ئه‌وه بوو بڵێن پیاوی زاڵم هات! (عامل ڤالم به سنان قلم، دزدی بی تیروكمان می كند) له‌م روانگه‌یه‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ته‌نیا مه‌ئموری نا كورد زوڵم ده‌كا، به‌ڵكوو زۆرینه‌ی مه‌ئموره‌كان به پێی سیستم، كه لێ پرسینه‌وه له ئارادا نییه مافی خه‌ڵك پێشێل ده‌كه‌ن. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم چه‌ند نموونه له‌م روانگه‌یه بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ران، ئه‌وده‌م كه گه‌نج بووم، ده‌مه‌ویست سه‌ری دۆستێكم بده‌م كه له دێ ده‌ژیا. له جاده‌ی (میاندوا ـ بۆكان) بۆلای دێیه‌كه لامدا، ماوه‌یه‌ك به باریكه رێگاكه‌دا رۆیشتم، مێردمنداڵێكی گاله‌وه‌ڕێن له مه‌زرا له‌به‌ر چه‌ند سه‌ر وه‌ڵاغ بوو، له ماشێن دابه‌زیم و هه‌رام له كوڕه‌كه كرد تا رێگای دێیه‌كه بپرسم، به‌ڵام كوڕ ده‌خۆی نووساو هه‌ڵات، وه‌ڵاغه‌كانی به‌جێ هێشت! له دووره‌وه چاوم به ره‌شاییه‌ك كه‌وت، به سواری ماشێن كاتێك لێی نزیك بۆومه‌وه دیتم ژنێكه به‌ره‌و جاده ده‌ڕوا، پرسیارم لێ‌كرد گوتی: دوای ئه‌و ته‌پۆڵكه‌یه دێ وه‌دیار ده‌كه‌وێ، گوتم باشه! هه‌رام له‌و كوڕه كرد تا ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بكه‌م به‌ڵام تا له ماشێن دابه‌زیم ده‌خۆی نووساو هه‌ڵات؟ گوتی: ئه‌و لێت ترساوه! جل و به‌رگت وه پیاوی «ده‌وڵه‌ت» ده‌چێ!! ئه‌و ترس و نه‌فره‌ته، به‌رهه‌می زوڵم و زۆر و راو‌و ڕووتی كاربه‌ده‌ستانی رژێمه. دیاره له چه‌مكێكی ئه‌وتۆدا ئه‌و خه‌ڵكه له خودایان ده‌ویست رژێم سه‌ره‌و نخوون بێ! كاتێك مه‌هاباد بۆمباران ده‌كرا ( مانگی خه‌رمانانی 1320/ 1941) خێزانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه به كاروانێك به‌ره‌و دێ ده‌چوون، له‌سه‌ر هه‌ورازی به‌سری له رۆژهه‌ڵاتی مه‌هاباد كه ده‌مانڕوانیه شار، فرۆكه‌كانمان ده‌دیت كه به‌سه‌ر خانۆكاندا ده‌هاتن و ده‌چوون، جارجاریش بۆمبیان فڕێ ده‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌نده دیتم كوڕ‌و پیاوه‌كانی كاروانچی، گوتیان: شوكر په‌هله‌وی له‌سه‌ر ته‌ختێ نامێنێ! له پڕ كڵاوه‌كانیان فڕێ‌دا كوته پارچه‌یه‌كیان له خێزان وه‌رگرت و له سه‌ری خۆیان هاڵاند! به گوته‌ی وان ئاساری عه‌جه‌مانیان فڕێ‌دا!
ده‌یانگێڕاوه دوای هێرشی هێزی سۆڤێت بۆ ئێران(1941)، ئارته‌ش نه‌یتوانی له سه‌رده‌شت خۆڕابگرێ، به تێكڕایی وێرای فه‌رمانده‌كه‌یان به‌ره‌و مه‌هاباد وه‌ڕێكه‌وتبوون، دانیشتوانی سه‌ر ڕی زۆر به‌ناحه‌زی له گه‌ڵیان بزووتبوونه‌وه، كاتێك له‌شكری راكردوو گه‌یشته مه‌هاباد، قازی موحه‌ممه‌د له فریایان هات، به‌تێری و پۆشناكی و پاره بۆ گه‌ڕانه‌وه، به‌ڕێیكردنه‌وه. ده‌یان گوت: ئه‌وكات تاقمێكی بچووكی هێزی سۆڤێتیش بۆ سه‌ركه‌شی گه‌یبوونه مه‌هاباد؛ كاتێك فه‌رمانده‌ی هێزی سۆڤێت چاوی به له‌شكری له‌به‌ریه‌كچوی ئێرانی كه‌وتبوو، به فه‌رمانده‌ی ئێرانی گوتبوو: ئێوه چوو له‌و خه‌ڵكه كردووه كه‌وا به بێ حوڕمه‌تی وه‌ده‌ریان ناون؟
نه‌بوونی لێپرسینه‌وه، به‌رهه‌می سیستمی نادێموكراتیكه
به‌ڵام رژێم و كاربه‌ده‌ستان قه‌ت له خۆیان نه‌پرسی: ئه‌و خه‌ڵكه بۆ ئه‌وه‌نده له ئێمه ناڕازین؟ ئه‌گینا مێژووی سیاسیی كورد و ئێران به چه‌شنێكی تر تۆمار ده‌كرا.
ده‌وڵه‌تی نوێی ئێران كه ره‌زاشا دایمه‌زراند باوه‌ڕی به دێموكراسی نه‌بوو، هه‌ر قاپێلكی نوێی هه‌بوو، رواڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پاوانخوازانه‌ی وه‌خۆ گرتبوو. ئه‌گینا ناوه‌ڕۆكی وه‌ك سه‌رده‌می ئیستبدادی كۆن مابوو. دیاره تا سیسته‌می حكومه‌ت له‌سه‌ر شێواز‌ی نادێموكراتیك بمێنێته‌وه، لێپرسینه‌وه له ئارادا نابێ ده‌نگهه‌ڵبڕینی خه‌ڵك به تایبه‌ت گه‌لی كورد هه‌ر ده‌مێنێ. زۆرتری كوردانی رۆژهه‌ڵات، له سه‌ره‌تاوه مێژووی سیاسیی خۆیان له به‌ربه‌ره‌كانی ده‌گه‌ڵ زوڵم و زۆر ده‌بینن. مێژووی سیاسیی كورد له روانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه تێكۆشان بۆ لابردنی زوڵم و زۆره كه به‌رگریكردنی رژێم له مافی «چاره‌خۆنووس»یش ده‌گرێته‌وه.
رژیمی په‌هله‌وی و قازی موحه‌ممه‌د
وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا كوردانی ناوچه‌ی موكری له دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشا، به رێنوێنی قازی موحه‌ممه‌د و رووناكبیران به‌رگریان له سه‌ره‌ڕۆیی عه‌شیره‌تان كرد، كه‌لێنی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان پڕ كرده‌وه. ئه‌م ره‌وته- كه چوارساڵی خایاند- كرده‌وه‌یه‌كی ته‌واو یاسایی و شارستانیانه بوو. له ساڵی (1945) كاتێك له ته‌ورێز حكومه‌تی ئازه‌ربایجان دامه‌زرا، ئه‌و مه‌ترسیه سه‌ری هه‌ڵدا: نه‌كا كورد له‌م ناوچه‌یه له قوڵكه هاتبێته ده‌ر، به‌ڵام له چاڵاو بكه‌وێ! هه‌ر بۆیه‌ش به بێ ره‌زامه‌ندی ته‌ورێز، مه‌سكه‌و و باكۆ، جمهوری كور‌دستان له مه‌هاباد له به‌رامبه‌ر ئازه‌ربایجان قوت كرایه‌وه! له ته‌واوی شاره تێكه‌ڵاوه‌كانی (ورمێ، سه‌ڵماس، خۆی و ماكۆ) هه‌تا ده‌هات كوردان پتر پێیان له‌سه‌ر هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات داده‌گرت. كاتێك ئیمكانی راگرتنی حكومه‌ت له ده‌ست چوو؛ قازی و هاوڕێیانی ده‌نگ و را‌ی خه‌ڵكیان بۆ مانه‌وه پرسی. لێره‌دابوو كه ئه‌وان به ره‌وتێكی ته‌واو مه‌ده‌نی هاتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه كه ده‌سه‌ڵاتی ناوچه بده‌نه‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی. ئه‌و كاره‌شیان كرد. دیاره ئه‌گه‌ر رژیمی په‌هله‌وی تۆسقاڵێكیش پابه‌ندی مه‌ده‌نیه‌ت، ئینسانیه‌ت و دێموكراسی بوو‌با، چه‌شنی ره‌فتاری قازی له گه‌ڵ ئارته‌شی هه‌ڵوه‌دا بوو له سه‌رده‌شتی له‌بیر مابا، پێویست بوو رێز له‌م شێوازه شارستانیانه‌ی كوردانی ناوچه‌ی موكریان بگرتبا. ئه‌گه‌ر كاربه‌ده‌ستانی تاران بیانتوانیبا به شێواز‌ی مه‌دنی و دێموكراتیك بیر بكه‌نه‌وه، ده‌یانتوانی له‌م ره‌وته مه‌ده‌نیه پێشوازی بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان له به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌وته مه‌ده‌نیه، وه‌ك رابردوو به چه‌شنێكی قین له‌زگانه، ناراست و فێڵاوی له گه‌ڵ كوردان بزووتنه‌وه. به بڕوای زۆرتری خاوه‌ن بیرانی كورد، ئه‌و رووداوانه، پاڵاوته‌ی چه‌مكی مێژووی سیاسیی كوردن له ئێران.
+ تا ئێستا ژماره‌یه‌ك نامه‌ی ماسته‌رو تێزی دكتۆرا له‌سه‌ر قازی موحه‌ممه‌دو كۆماری كور‌دستان نووسراون، كامیان لای ئێوه زانستی تر‌و نزیكتر بووه‌ه له رووداوه‌كان و توانیویه‌تی راستگۆیانه‌و بابه‌تیانه مامه‌له له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكات؟
ـ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره به من نادرێته‌وه، چونكوو ته‌واوی ئه‌و نووسراوانه‌م نه‌دیتووه و نه‌خوێندۆته‌وه، له ناو ئه‌وانه‌ی خوێندوومنه‌وه، كتێبی «حكومه‌تی كور‌دستان»ه.
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، زۆرتر به رۆژنامه‌ی كور‌دستان ئیستنادی كردووه، هێندێك مه‌به‌ستی له ئه‌سنادی نه‌یاران یان ئه‌وكه‌سانه وه‌رگرتووه كه وه‌ك واقیع بابه‌ته‌كانیان نه نووسیوه. به‌وحاڵه‌ش، زۆر مه‌به‌ستی ئه‌و كتێبه له ڕاستی نزیكتره. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌ژێر عێنوانی كتێبه‌كه نووسیوێتی «كورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتی دا» بابه‌تێكی بێ جێیه. نووسه‌ری به‌رێزی كتیبه‌كه باش ده‌زانێ سیاسه‌ت بێ «گه‌مه» نابێ! له هه‌ر لایه‌ك بروانینه چه‌مكی سیاسه‌ت، بۆ هه‌ردوولا چه‌شنێك گه‌مه‌ی تێدا ده‌بینین!
+ له ئێستادا قه‌زیه‌ی سیاسیی كورد چۆن ده‌بینن له كوردستانی رۆژهه‌ڵات؟ پێتانوایه ئاینده‌ی ده‌بێت؟
ـ كوردستانی رۆژهه‌ڵات، چاره‌نووسی له‌گه‌ڵ ئێرانێكان گرێدراوه، به‌ڵام گرێ پووچكه‌ی كورد‌و ئیرانێكان له مه‌ودای بیر‌و كرده‌وه‌ی هه‌ر دوو لا دایه: كوردی رۆژهه‌ڵات تا ئێستا نه‌یتوانیوه خۆی روون بكاته‌وه بزانێ چی ده‌وێ و چۆن ده‌بێ بیهه‌وێ؟ هه‌ر بۆیه‌ش نه‌یتوانیوه له به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شدا هاوده‌نگ و هاوئاهه‌نگ تێبكۆشێ. ئێرانێكانی تریش نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر چه‌مكی «حكومه‌تی پێویست بۆ ئێران» پێك بێن. به‌شێك له هاوڵاتیانی ئێرانی، «فارس سه‌روه‌ری» وه‌ك نه‌ته‌وه‌خوازی بۆ گشت گه‌لانی ئێران داده‌نێن. به‌شێكیش ئاینیی تایبه‌ت بۆ ئه‌م بابه‌ته له به‌رچاو ده‌گرن. هه‌ر دوو لا ئه‌م راستیه ده‌شارنه‌وه كه ئێران وڵاتێكی فره گه‌لی و فره ئاینییه، پێویسته شێوازێك بۆ حكومه‌ت هه‌ڵبژیردری كه ماف و چاندی ئاینیی و كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ گه‌لێك پێشێل نه‌كرێ. وادیاره به له به‌رچاو گرتنی شێواز‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دێموكراسی چه‌مكێكی ئه‌وتۆ باشتر پێكدێ.
رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ)
|